ئەمڕۆ 17/5/2010 لەتەلاری ئەنجومەنی وەزیران لەشاری هەولێر د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامادەبونی وەزیری داد و حاکم قادر حەمە جان چاویکەوت بەژمارەیەک لەداوەرەکانی شۆڕش.
لەو دیدارەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەگەڵ کۆمەڵێک تێکۆشەر کۆدەبمەوە کە لەخەباتی شاخ و رۆژە سەخت و ناخۆشەکاندا پێشڕەوەی جێبەجێکردن و رێزگرتن بوون لە یاسا، لەپاڵ بەجێگەیاندنی ئەرکی پێشمەرگایەتی ئەرکێکی تری گرنگیان خستبووەو سەرشانی خۆیان کەچەسپاندن حوکمی یاساو بەدیهێنانی دادپەروەری بوو، بۆیە جێی خۆیەتی کەڕێز لەو دادوەرانە بگیرێت و بەجێگەیاندنی ئەرکی دادوەریان لەو قۆناغە سەختانەدا بەگرنگ وەربگیرێت.
د. بەرهەم سەبارەت بەرۆڵی دادوەرانی شۆِرش وتیشی: ئێوە لە رۆژە سەختەکانی خەباتدا رێکخراوی یەکێتی مافپەروەرانتان لەشاخ بەیەکگرتووی دروست کرد، کەئەمە مایە رێزو پێزانین و نیشانەی دڵسۆزیتانە بۆ پیشەکەتان، کەویستوتانە بەشێوەیەکی پیشەی رۆڵی خۆتان ببیین ، هەر لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی: بەئەرکی خۆمانی دەزانین رێز لەمێژوو و خەباتی ئێوە بگرین، چونکە توانیتان خزمەتێ:ی زۆری وڵاتەکەتان بکەن ئامادەشین لەم قۆناغەدا گوێبیستی سەرنج و پێشنیازی ئێوە ببین لەپێناو باشتر کردنی ئیشوکارەکانی حکومەت و زیاتر چەسپاندنی یاسادا.
دادوەرانی شۆڕش لەلایەن خۆیانەوە سوپاسی زۆری د. بەرهەم- یان کرد بۆ ئەو پێشوازیەو رایانگەیاند کەئەم لالێکردنەوەیە هەنگاوێکی گرنگ دەزانن، روونیشیانکردەوە کەئەوان تەمەنی گەنجێتی خۆیان بەمیللەتەکەیان بەخشی و بێووچان کاریان بۆ جێگیرکردنی یاساو بەرپاکردنی رۆشنبیری یاسایی دەکرد لەریزەکانی شۆڕشدا، ئاماژەیان بەوەشدا کەئەم پێشوازیەی سەرۆکی حکومەت پێزانینێکی گەورەی ئەو رۆڵەیە کەئێمە بینیمان.
لەکۆتایی دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەداوەرانی شۆڕشی راگەیاند حکومەت بەئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت کەئاوڕ لەژیان و گوزرانیان بداتەوەو پێویستیەکانیان بۆ دابین بکات.
|