ئەمڕۆ ١٧/٥/٢٠١٠لەشاری هەولێر د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لەوەفدێکی دەستپێشخەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کەبەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگادار بوون لەدۆخی عیراق و هەرێم سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
وەفدی میوان چەند پرسیارێکیان سەبارەت بەدوا گۆڕانکاریەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان و ئاستی پەیوەندیەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێم ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد، لەمیانەی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا د. بەرهەم ساڵح روونیکردەوە کورد خوازیاری پێکهێنانی حکومەتێکە کەبتوانێ گوزراشتێکی راستەقینە لەویست و مافی سەرجەم پێک هاتەو لایەنەکان بکات و پابەند بێت بەجێبەجێکردنی دەستوور و برگەکانی، بەمادەی 140 یشەوە، سەرەڕای چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی لەگەڵ هەرێم و دەستەبەرکردنی بەشداریەکی کاریگەر لەناوەندی بڕیاردا.
هەروا ئاماژەی بەوەشکرد ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین سەرجەم لیستە براوەکان بەشداری پێکهێنانی حکومەت بکەن و هیچ لایەک فەرامۆش نەکرێت، چونکە عیراق لەم ساتەوەختەدا و لەدوای پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا پێویستی زیاتری بەهاوکاری و هەماهەنگی هێزەسیاسیەکانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ رووبەڕووی کێشەو قەیرانەکانی ببێتەوە.
سەبارەت بەگرنگی پەیوەندی هەرێمیش بەئەمریکا، سەرۆکی حکومەتی هەرێم روونیکردەوە کوردستان پێویستی زۆری بەشارەزایی و ئەزموونی ئەمریکا هەیە لەزۆربەی بوارەکاندا، لەو میانەیەدا ئاماژەی بەگرنگی هاوکاری لەبواری خوێندن و خوێندنی باڵا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتنی سەمایەگوزاران دا.
|