|
ئەمڕۆ 17/5 د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی یەکەم خوێندنگەی لەشاری هەولێر دانا لەچوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی دروستکردنی خوێندنگەی هاوچەرخ لەکوردستاندا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەوتەیەکیدا لەمەراسیمی دانانی بەردی بناغەی خوێندنگایەکی 27 پۆلیدا وتی: خۆشحاڵم کەبەردی بناغەی یەکەم خوێندنگە لەشاری خۆشەویستی هەولێر دادەنێم لەچوارچێوەی هەڵمەتێکی سەرانسەری بۆ دروستکردنی خوێندنگەی هاوچەرخ کەلەبودجەی ئەمساڵدا بڕی 150 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.
سەرۆکی حکومەت راشیگەیاند: ئەمە هەنگاوێکی جیدیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی خوێندنگەو سەرەتایەکیشە بۆ دروستکردنی خوێندنگە لەسەر شێواز و دیزاینێکی نوێ کەشایستەی مناڵانی کورد بێت، روونیشیکردەوە کەحکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەهەوڵەکانیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی خوێندنگە لەسەرجەم ناوچەکاندا.
د. بەرهەم ئاماژەی بەوەشدا کەلەناو شاری هەولێردا 11 قوتابخانەی 27 پۆلی و 14 قوتابخانەی 18 پۆلی دروست دەکرێن کەتەواوی پێداویستیەکانی خوێندن و تاقیگەو تاقیگەی کۆمپیۆتەرو مەلەوانگەو پێویستیەکانی تری تێدایە.
جێی ئاماژەیە ئەم هەڵمەتە نیشتمانیە بۆ دروستکردنی 100 خوێندنگەی هاوچەرخ لەبەرنامەی وەزارەتی پەروەردە جیایە بۆ دروستکردنی خوێندنگەکان، جێی وەبیر هێنانەوەشە لەسەردانێکیدا بۆ پارێزگای دهۆک لەسەتای ئەم مانگەدا د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەردی بناغەی دوو خوێندنگای لەهەردوو قەزای ئاکرێ و زاخۆ دانا. |