|
ئەمڕۆ ١٨/٥/٢٠٠١ لەشاری هەولێر د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری رۆشنبیری و لاوان و پلاندانان لەگەڵ ژماریەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیدا کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەو کۆبونەوەیەدا رایگەیاند کەرێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەشێکی گرنگی دیموکراسین و رۆڵێکی گرنگ لەدەوڵەمەندکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوریدا دەبینن.
هەروا وتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت گرنگی و بایەخی زۆر بەو بوارە بدات و زەمینەی کاکردنیان بۆ بڕەخسێنێت، بەڵام لەچوارچێوەی یاساو پێوەری روون و ئاشکرادا، لەو میانەیەدا د.بەرهەم ساڵح روونیکردەوە کەحکومەت لەرێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە خەریکی پێداچوونەوەیە بەجۆری مامەڵەی لەگەڵ ئەو رێکخراوانەو چۆنیەتی چالاکترکردنی رۆڵیان و دانانی رێوشوێنی کارکردنیان بەگوێرەی سیستمێکی گونجاو، هەر لەدرێژەی وتەکەیدا سەرۆکی حکومەت بەئامادەبوانی راگەیاند کەئەم بەرنامەیە بۆ ئەو مەبەستەیە ئەو رێکخراوانە باشتر سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و لەژێر هەژموونی حکومەت و حزبدا نەبن.
هەر لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا د. بەرهەم تەئکیدی کردەوە کەئەو رێوشوێنە تازانەی حکومەت دەیانگرێتە بەر لەسەر چەند بنەمایەکی دیموکراسی و بەپێی چەند پێوەرێک جێبەجێ دەکرێن کەپەراوێزی کارکردن بۆ ئەو رێکخراوانە فراوانتر دەکات.
دواتر ئامادەبووان بەدورودرێژی بیروبۆچوون و سەرنجەکانی خۆیان لەمەڕ پرۆگرامی حکومەت و چۆنیەتی گەشەپێدانی کاری رێکخراوەکان و پڕۆژە یاسای تایبەت بەرێکخستنی کارەکانیان خستە روو.
هەر ئەمڕۆ د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لەدەستەی دامەزرێنەری یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان.
لەو دیدارەدا دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان خۆشحاڵی خۆیان بەو پێشوازیەی سەرۆکی حکومەت دەربڕی و داوایانکرد کەپشتیوانی لەکارو بەرنامەو پڕۆژەکانیان بکرێت، رونیشیانکردەوە کەئەو هەنگاوەیان بەمەبەستی فراوانتر کردنی چالاکی و کارەکانی وەبەرهێنەرانی خۆماڵی و دەستەبەرکردنی زەمینەی کارکردنە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزارانی ناوخۆ رۆڵێکی باشتر لەپرۆسەی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی وڵاتەکەیاندا ببینن.
سەرۆکی حکومەت لەلایەن خۆیەوە پیرۆزبای دامەزراندنی یەکێتیەکەی لێکردن و باسی گرنگی رۆڵی وەبەرهێنەرانی لەبوژانەوەو گەشەپێدانی ئابووری کوردستان کردو وتی: وەبەرهێنان بۆتە بەشێکی گرنگی ئەم سەردەمە، لەساڵانی رابردوو بەهیمەتی ئێوە کوردستان گەشەکردنێکی باشی بەخۆوە بینیوە، هیواداریشم بەدامەزراندنی ئەو یەکێتیەش زیاتر بتوانن رۆڵ ببیین و خزمەتی وڵاتەکەتان بکەن و بەشداربن لەچارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان و وەگەڕخستنی دەستی کاردا.
هەر لەو دیدارەدا د. بەرهەم باسی لەگرنگی هەماهەنگی حکومەت و کەرتی تایبەت کردو روونیکردەوە کەحکومەت کار بۆ ئەوە دەکات ئەو کەرتە باشتر رۆڵ ببیینێت و چالاکانە بەشداری بکات لەپرۆسەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابووریدا، لەو میانەیەدا هەموو کارئاسانی و هاوکاریەکی حکومەتی نیشاندا، ئاماژەی بەوەشدا کەحکومەت خەریکی ئەوەیە لەرێگای کۆنفرانسێکی تایبەت چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئەو هەنگاوە دابنێت.
سەرۆکی حکومەت باسی لەوەش کرد بەرنامەی حکومەت بۆ دابەشکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگاو ناوچەکان کارئاسانیەکی تر دەبێت بۆ وەبەرهێنان و کاری بەڵێندەران و کەمکردنەوەی ئەڵقەکانی رۆتین.
|