|
ئەمڕۆ 19/5/2010 لەشاری هەولێر د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا پێشوازیکرد لەهەدوو باڵیۆزی وڵاتی سوید و کۆریای باشوور لەعیراق.
لەدوو دیداری جیادا نیکلاس تروڤی بالیۆزی سوید و سوم بوم پارک باڵیۆزی کۆریای باشوور سەرسامی خۆیان بەرامبەر گەشەکردن و بوژانەوەی کوردستان و ئەو کرانەوە ئابووری و بازرگانیە دەربڕی کەلەکوردستاندا هەیە، تەئکیدیشیان کردەوە کەهەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە و زەمینەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری تێدا گونجاوە.
هەر لەو دوو دیدارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا لەگەڵ باڵیۆزی سوید و کۆریای باشوور سەبارەت بەدوا پەرسەندنە سیاسیەکانی عیراق و پێکهێنانی حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی گفتوگۆ کرا.
د. بەرهەم ساڵح باسی لەوەشکرد کەحکومەتی هەرێم بەگرنگیەکی زۆرەوە سەیری پەیوەندیەکانی خۆی دەکات لەگەڵ هەردوو وڵاتی سوید و کۆریای باشوور، لەو میانەیەدا ئاماژەی بەکارەکانی سوپای زەیتون دا کە لەسنووری پارێزگای هەولێر چەندین پڕۆژەی گرنگیان لەبوارە جۆربەجۆرەکان ئەنجامداو ئێستا سودیان لێ دەبینرێت، سەرەڕای چەندین خولی راهێنانی جیاجیا لەکۆریاو هەرێم و دامەزراندنی کتێبخانەیەکی گشتی بەناوی زەیتوون لەناو شاری هەولێردا.
|