ئەمڕۆ ٢٠/٥/٢٠١٠ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەئامادەبوونی ئازاد بەرواری جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کۆنفرانسی بازرگانی هاوبەشی نێوان دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتوو و هەرێمی کوردستان کەلەشاری هەولێر بەڕێوە چوو، بەگرنگ وەسفکرا، بەتایبەتی کەژمارەیەکی زۆری گەورە وەبەرهێن و سەرمایەگوزارو کەسانی پەیوەندیدار بەبوارە جۆرەبەجۆرەکانی بازرگانی و چالاکی ئابووری گرتبووە خۆ، ئەو کۆنفرانسە وەکو هەنگاوێکی تری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش باسی لێوەکرا بۆ راکێشانی سەرمایەی دەرەکی و بەشداریکردنی لەپرۆسەی بوژانەوەو ئاوەدانکردنەوەی هەرێم و رەخساندنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنان.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پڕۆژەی دابەشەکردنی دەسەڵات بۆ پارێزگاو ناوچەکان زیاتر گفتوگۆی لەسەر کراو تێبینی و سەرەنجی لیژنەی تایبەت بەو پڕۆژەیەش تاوتوێکران.
لەدرێژەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازەکانی لیژنەی تایبەت بەدانانی رێنمایەکانی دامەزراندن کرا، کەبەگوێرەی ئەو رێنمایانە دامەزراندن لەدامودەزگا حکومیەکان بەگوێرەی چەند پێوەرێکی وەزیفی دەبێت بەرەچاوکردنی بڕوانامەو لێهاتوویی و پێداویستیەکانی وەزارەت و دەزگاکان.
|