ئەمڕۆ 22/5/2010 د.بەرهەم ساڵح سەرةكی حكومەتی هەریمی كوردستان بە ئامادەبوونى سەفین دزەیی وەزیرى پەروەردە و وەزیرانى ئاوەدانکردنەوە و دارایی و تەندروستى و بەرپرسانى بوارى پەروەردە و دەزگاکانى ترى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و خاوەنکارانى کوردستان و سلێمانى، بەردى بناغەى یەکەمین قوتابخانەى هاوچەرخی لە سلێمانى و لە گەڕەکى کانى کوردە دانا کە خوێندنگەیەکى نمونەیی هاوچەرخە و هۆڵى خوێندن وەرزش و کافیتریا و پێداویستییەکانى تر لە خۆدەگرێت و رایگەیاند حکومەتى هەرێم لەماوەى ئەمساڵدا 41 خوێندنگاى نمونەیی لە پارێزگاى سلێمانى و گەرمیان و 22 خوێندنگە لە ناو شارى سلێمانى دروست دەکات و بوارى خوێندن و پەروەردە لە ئەولەویەتى کارەکانیدا دادەنێت.
راشیگەیاند کە هەڵمەتى نیشتمانى بۆ دروستکردنى خوێندنى هاوچەرخ هەڵمەتێکى فراوانە و لە بودجەى ئەمسالدا بڕى 150 ملیار دینارى بۆ تەرخانکراوە و لە سەرتاسەرى کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان 100 خوێندنگەى هاوچەرخى پێدروست دەکرێت .
تەئکیدیشى کردەوە حکومەت ئاوڕى جددی لە توێژى مامۆستایان دەداتەوە و هەلومەرجی ژیانێکى شایستەیان بۆ دابین دەکات و لەجێبەجێکردنى سندوقى نیشتەجێبوون و پرۆژەکانى تردا رەچاوى مامۆستایان و توێژەکانى تر دەکرێت.
د.بەرهەم ساڵح ئاماژەى بەوەدا حکومەتى هەرێمى کوردستان خزمەتى هەموو شار و ناوچەکانى کوردستان دەکات، بەڵام پێویستە لە سلێمانى قەرەبووى ماوەى رابردوو بکەینەوە و کاری جددى بکەین بۆ ئەوەى فەوزا و ململانێى سیاسى کارنەکاتە سەر کار و ئەداى حکومەت، لە سلێمانى و ناوچەکانى ترى کوردستان چەندین پرۆژە و بەرنامەى فراوانى ئاوەدانى و خزمەتگوزاریمان دەستپێکردووە.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکى حکومەت سەردانى پرۆژەکانى گەڕەکى کانى کوردەى شارى سلێمانى کرد کە یەکێکە لە گەڕەکە نوێیەکانى شارەکە و لە کێشە و پێداویستییەکانى گەڕەکەى کۆڵییەوە و بەرپرسانى پەیوەندیدارى راسپارد کە پرۆژەکان بەشێوەیەکى باشتر و خێراتر جێبەجێ بکەن.
هەمان رۆژ د.بەرهەم ساڵح پرۆژەى هەوارى شارى بەسەرکردەوە کە پرۆژەیەکى گەشتیاری گرنگی شارى سلێمانییە و رووبەرى سەوزایی لە سلێمانى بە رێژەیەکى زۆر زیاد دەکات بۆ %13.
هەر لەدرێژەی چالاكییەكانی ئەمرۆدا پرۆژەى کامپى نوێى سلێمانیی بەسەركردوەو، کە پرۆژەیەکى گەورە و فراوانە و دواى راوەستانى بۆ ماوەى دوو سال, ماوەى چەند مانگێکە کارکردن تێیدا دەستى پێکردۆتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بەر لە کۆتایی ئەمسال قۆناغی یەکەمى پرۆژەکە تەواو بێت و ژمارەیەکى تر لە کۆلێژ و بەشەکانى زانکۆى سلێمانى لەخۆ بگرێت.
دواتریش پرۆژەى دروستکردنى زانکۆى ئەمریکیی لە سلێمانى بەسەرکردەوە. کە پرۆژەیەکى گرنگە و دەرفەتى خوێندنێکى هاوچەرخى پێشکەوتوو بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنێت و لە ماوە چەند مانگی داهاتووشدا بەشێکى بیناى زانکۆکە تەواو دەبێت. |