|
ئەمڕۆ 16/6/2010 وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ولیام هێگ لە بارەگای وزارەتی دەرەوە لە لەندەن پێشوازیکرد لە دکتۆر بەرهم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکایەتی وەفدی هەرێم دەکات بۆ بەشداریکردنی کۆنفراسی گەشەپێدان و وەبەرهێنانی تایبەت بەکوردستان لە لەندەن.
لە دیدارێکدا کە کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆو هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عیراق لە بەریتانیا و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و بەیان سامى عەبدولڕەحمان نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەریتانیا ئامادەبوون، سەرۆکى حکومەتى هەرێم پیرۆزبایى گەرمى لە ولیام هەیگ کرد بەبۆنەى وەرگرتنى پۆستى وەزیرى دەرەوەو هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست.
سەرۆکى حکومەت ئاماژەى کرد بە هەڵبژاردنى سەرکەوتووى عیراق و پێکهێنانى حکومەتى نوێى عیراق. ئاماژەى بە هەڵوێستى کورد کرد لە بەرامبەر پێکهێنانى حکومەت لەسەر بنەماکانى پاراستنى مافەکانى خەڵکى کوردستان و پابەندبوون بە دەستوورو بەشدارى و هاوبەشى لە دەسەڵات و چارەسەرکردنى کێشەى ناوچە دابڕاوەکان و بابەتى نەوت و گاز و باشکردنى داهاتى نەوتى بۆ هەموو عیراق.
لەلایەن خۆیەوە ولیام هەیگ هیواى سەرکەوتنى بۆ پرۆسەى سیاسى عیراق خواست و پێکهێنانى حکومەتى نوێى عیراقى بە هەنگاوێکى گرینگ وەسف کرد لە رێى دیموکراسى و سەقامگیرى. لە هەمان کاتدا خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بۆ بەستنى کۆنفڕانسى وەبەرهێنان لە بەریتانیا و پشتگیرى وڵاتەکەى نیشاندا بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و تەواوى عیراق.
سەرۆکى حکومەت گووتى هەرێمى کوردستان نمونەى سەرکەوتنى پرۆسەى دیموکراسیەو دەکرێ ببێتە نموونەى سەرکەوتوو بۆ بەشەکانى ترى عیراق. سەقامگیرى بارى ئەمنى و بارى وەبەرهێنان کوردستان دەکاتە دەروازەیەکى گرینگ بۆ عیراق و ناوچەکە.
سەرۆکى حکومەت هەوڵ و تەقەلاى دەوڵەتى بەریتانى لە دواى راپەرین و پرۆسەى ئازادى عیراق بەرز نرخاند و سوپاسگوزارى خەڵک و حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ قوربانیانى ئەو وڵاتە لەم پرۆسەیە راگەیاند.
داواشى کرد کە ئاستى نوێنەرایەتى دیپلۆماسى حکومەتى بەریتانیا لە هەرێم بەرز بکرێتەوەو کار بکرێت لەسەر ئاڵوگۆڕى کەلتوورى و رۆشنبیرى لە رێگەى بریتش کاونسل هەروەها سازدانى کۆڕبەندى بازرگانى و وەبەرهێنان لە کوردستان بۆ زیاتر خزمەتکردنى بەرژەوەندى ئابوورى هەردوولا.
وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا گووتى بەریتانیا و هەرێمى کوردستان مێژوویەکى باشى کارکردنیان بە یەکەوە هەیەو با هەوڵ بدەین بۆ ئەوەى بەردەوام بین لەو ئاراستەیەو زیاتر گەشەى پێبدەین.
|