|
ئەمڕۆ 30/6/2010 د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان لەشاری هەولێر پێشوازیکرد لەعەبدولقاد ئەلعوبێدی وەزیری بەرگری عیراق و جەنەرال مایکل باربیرو جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لەعیراق.
لەدیدارێکدا کەبەئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە بەڕێوە چوو سەبارەت بەهەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو مەشقپێکردنی گفتوگۆ کرا وەکو بەشێک لەسیستمی بەرگری عیراق، هەروا تەئکید لەسەر گرنگی و بایەخی دروستکردنی یەک هێزی پێشمەرگە کرا کە راهێنان و مەشقپێکردنی بەگوێرەی سیستمێکی بڕیارلێدراو بێت، بۆئەوەی بتوانێ بەرگری لەئاسایشی کوردستان و عیراق و دەسکەوتە دەستووری و دیموکراسی و فیدرالیەکان بکات .
هەر لەو دیدارەدا چۆنیەتی پاراستنی ئەمنیەتی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکراو تەئکیدکرایەوە کەپێویستە وڵاتانی دراوسێ رێز لەسەروەری خاکی عیراق بگرن و دەست لەکاروبارەکانی ناوخۆی وەرنەدەن.
لەدرێژەی دیدارەکەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری بەرگری عیراق و جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا سەبارەت بەدۆخی ئەمنی تەواوی ناوچەکانی عیراق و رۆڵی هێزی بەرگری گفتوگۆ کرا.
|