|
دوێنێ 4/7/2010 لەشاری بەغدا د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جۆن بایدن جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبوونەوەو سەبارەت بەهەلومەرجی سیاسیی عیراق و گەشەپێدانی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و هەرێم گفتوگۆیان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کەکریستۆفەر هیل باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەعیراق و جیفری فیلتمان یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد ئیحسان بەرپرسی پەیوەندیەکانی حکومەت لەبەغدا ئامادەی بوون، سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەتی تازەی عیراق بیرورا ئاڵوگۆر کرا، هەردولا تەئکیدیان کردەوە کەهەڵبژاردنی رابردووی عیراق بەسەرکەوتووی کۆتایی هات و رەنگدانەوەی ئیرادەی زۆربەی هەرە زۆری خەڵک بوو، بۆیە پێویست دەکات لەچوارچێوەی دەستوورو پابەندبوون بەجێبەجێکردنی، پەلە لەپێکهێنانی حکومەت بکرێت.
هەر لەو کۆبونەوەیەی نێوان جێگری سەرۆکی ئەمریکاو سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا لەچوارچێوەی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریکا، باس لەچۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندیەکانی هەرێم ئەو وڵاتە کرا، لەو میانەیەدا د. بەرهەم ئاماژەی بەوەدا کەئەمریکا دەتوانێ رۆڵێکی گەورە لەئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەی کوردستاندا ببینێت.
|