|
د.بەرهەم ساڵح سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ 16/7/2010 سەردانى شوێنى رووداوە دڵتەزێنەکەى ئوتێل سۆما لە سلێمانى کرد و لەنەخۆشخانەش بریندارەکانى بەسەرکردەوە، لە لێدوانێکدا سەرەخۆشى لە خەڵک و کەسوکارى قوربانییەکانى کارەساتەکە لە خۆماڵى و بیانى کرد و وتیشى: ئەم رووداوە جەرگبڕە هەموو لایەکمانى هەژاند و ناکرێت هەروا تێپەڕێت بۆیە وەکو حکومەتى هەرێم دەستبەجى لیژنەیەکى باڵامان بەسەرۆکایەتى پارێزگارى سلێمانى و لایەنە پسپۆڕەکان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە و دەستنیشانکردنى لایەنى بەرپرس و کەمتەرخەم لە بەتەنگەوەچوونى قوربانیان و کۆنترۆڵکردنى ئاگر کەوتنەوەکە و بەدڵنیاییشەوە ئیجرائاتى یاسایی توند بەرامبەر کەمتەرخەمى و فەرامۆشکردنى پێداویستییەکانى سەلامەتى لەو شوێنە دەگرینەبەر.
سەرۆکى حکومەت ئاماژەى بەوەشدا کە جەنابى سەرۆک تاڵەبانى و هەروا جەنابی سەرۆکى هەرێم پەیوەندییان پێوەکردین و نیگەرانى خۆیان سەبارەت بەو کارەساتە دەربڕى و مەبەستیان بوو بەدواداچوون و ئیجرائاتى پێویست بکەین بۆ هاوکاریى قوربانییەکان و لێکۆڵینەوەى رووداوەکە، هەروەها جەنابى سەرۆک وەزیرانى عیراقیش هاوخەمى و پەژارەى خۆى بۆ قوربانیانى رووداوەکە و کەسوکاریان دەربڕى و ئامادەیی حکومەتى هەرێم و هەروەها هاوکارى حکومەتى ئیتیحادى بۆ هاوکاری حکومەتى هەرێم لەو ناخۆشی و تەنگانەیەدا دەربڕى.
سەرۆکى حکومەت هەروەها روونیکردەوە کە پەیوەندیمان بە ئەو سەفارەتانەشەوە کردووە کە هاونیشتمانیانیان لەو رووداوەدا بوونەتە قوربانى یان بریندار بوون، بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى گواستنەوەى تەرمی قوربانیان و بریندارەکانیان و پەرۆشى خۆشمان بۆ ئەو رووداوە ناخۆشە دەربڕیووە و لە ئیجرائات و بەتەنگەوە هاتنى حکومەتى هەرێم ئاگادارمان کردونەتەوە.
شایانى باسە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەستبەجآ بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى تایبەتى دەرکرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونى رووداوەکە
هەروەها سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران لیژنەیەکى ترى دروستکرد بۆ بەسەرکردنەوەى سەرجەم ئۆتێل و پرۆژە و دامەزراوە گەشتیارى و گشتییەکان لە سلێمانى و دڵنیابوون لەبوونى مەرج و پێداویستییەکانى سەلامەتى و تەندروستى و بەرگرى شارستانى و وەرگرتنى ئیجرائاتى توند سەبارەت بە هەر کەموکوڕییەک هەبێت لەو بوارەدا.
سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بەهرۆز محەمەد ساڵح فەقآ رەشید پارێزگارى سلێمانى راسپارد بۆ فریاکەوتنى لێقەوماوانى رووداوەکە و دەسەڵاتى پێویستیشى پێدرا. هەروەها فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى راسپارد بۆ وەرگرتنى ئیجرائاتى یاسایی و پەیوەندیکردن بە نوێنەرایەتى دیپلۆماتى و سەفارەت و لایەنى پەیوەندیدار بەمەبەستى تەسلیمکردنەوەى قوربانیانى بیانى رووداوەکە.
|