|
له‌چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌ت به مالپه‌رى نیقاش دكتۆر به‌رهم سالح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، قسه‌وباس له‌سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگی سیاسی‌و ئه‌منی ئێستای عێراق‌و كوردستان ده‌كات.
ساڵح دواگۆڕانكاریه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی عێراق‌و هه‌ڵوێستی لایه‌نه كوردستانیه‌كان له‌و باره‌یه‌وه ده‌خاته روو، ئه‌مه جگه له‌ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له‌باره‌ی روداوه ئه‌منیه‌كانی سه‌ر سنوری نێوان كوردستانی عێراق له‌لایه‌ك‌و هه‌ریه‌ك له‌ئێران‌و توركیا له‌لایه‌كی تره‌وه.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه:
نیقاش: قه‌یرانی پێكهێَنانی حكومه‌تی داهاتوی عێراق به‌كوێ گه‌یشتوه؟
ساڵح: به‌داخه‌وه قه‌یرانی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی عێراق
گه‌یشتوه‌ته بنبه‌ستێك كه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌رتاپای بارودۆخی سیاسی
عێراق ده‌كات كه بۆ ئێمه‌ی كورد‌و خه‌ڵكی دیموكرات‌و لیبراڵی عێراق
جێگه‌ی مه‌ترسیه.
ده‌ستوری عێراق به‌ئاسانی نه‌هاتوه‌ته ئاراوه، به‌ڵكو له‌ئه‌نجامی
به‌ر‌و رنجی ساڵه‌های ساڵی خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی‌و كوردستان
به‌تایبه‌تی هاتوه، ئێستا زیاتر له‌چوار مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن
تێپه‌ڕێوه، به‌ڵام هێشتا حكومه‌ت له‌به‌غدا پێكنه‌هاتوه. ئێمه وه‌كو
هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكید له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ
هه‌ر لایه‌نێك كه دێته پێشه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندبونه
به‌ده‌ستور‌و پابه‌ندبونه به‌مه‌فهومی شه‌راكه‌ت له‌حكومه‌تدا‌و
پابه‌ندبونیشه به‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدا وه‌ك
جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140و كێشه‌ی نه‌وت‌وگاز‌و بودجه‌ی پێشمه‌رگه،
به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت بۆچونی ئێمه ته‌نها
په‌یوه‌ست بێت به‌هه‌رێمه‌وه، به‌ڵكو ئێمه مه‌به‌ستمانه حكومه‌تێكی
هه‌مه‌لایه‌نه‌مان هه‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته
سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌ڵكی عێراق بێت‌و هه‌مو ره‌نگه‌كان له‌نێو ئه‌و
حكومه‌ته‌دا ببیندرێن.
نیقاش: به‌پێی زانیاریه‌كانی جه‌نابتان، ئایا لایه‌نه سیاسیه‌كانی
به‌غدا گه‌یشتونه‌ته هیچ ئه‌نجام‌و رێككه‌وتنێك له‌باره‌ی پێكهێنانی
حكومه‌ته‌وه؟
ساڵح: به‌داخه‌وه، تاكو ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته هیچ ئه‌نجامێك. ئێمه
له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان نوری مالكی‌و ئیئتیلافی
نیشتمانی‌و دكتۆر ئه‌یاد عه‌لاوی‌و من خۆم له‌ماوه‌ی دوو رۆژی
رابردودا قسه‌م له‌گه‌ڵیان كردوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام راوێژ‌و
بۆچون ده‌گۆڕینه‌وه. من به‌سه‌راحه‌ت ده‌یڵێم، ئێستا كاتی ئه‌وه هاتوه
كێشه‌كان یه‌كلایی بكرێنه‌وه.
نیقاش: هیچ بۆچونێكی تایبه‌تتان له‌سه‌ر كاندیده‌كانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی عێراق هه‌یه؟
ساڵح: ئێمه هه‌ڵوێستی خۆمان راگه‌یاندوه، هه‌ڵوێسته‌كانمان له‌سه‌ر
كه‌سایه‌تی كاندیده‌كان نییه، به‌ڵكو له‌سه‌ر مه‌سائلی سیاسی‌و
شێوه‌كانی حوكمڕانیه له‌عێراقدا.
نیقاش: كاندیدێكی دیاریكراو هه‌یه كورد پاڵپشتی لێبكات؟ كورد له‌كێوه نزیكتره؟
ساڵح: تاكو ئێستا بڕیارمان له‌سه‌ر هیچ كاندیدێكی دیاریكراو نه‌داوه،
چونكه هه‌مو ئه‌وانه‌ی باسده‌كرێن نزیكن لێمانه‌وه. ئێمه ته‌ماشای
بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ین، له‌راستیدا نه‌ك ته‌نها ته‌ماشا ده‌كه‌ین، به‌ڵكو
كاریگه‌ریشمان هه‌یه له‌ئاڕاسته‌كردنی مه‌سه‌له‌كان. ئێمه به‌ڕاشكاوی
ده‌یڵێین، هه‌رێمی كوردستان‌و لایه‌نه كوردستانیه‌كان پشتگیری له‌كه‌س‌و
لایه‌نێك ده‌كه‌ین كه پابه‌ند بێت به‌ده‌ستوری عێراق‌و چاره‌سه‌ركرنی
ئه‌و كێشانه‌ی ئاماژه‌مان پێكرد.
نیقاش: تاكو ئێستا هیچ قسه‌یه‌كی جدی له‌باره‌ی پۆسته سیادیه‌كانه‌وه كراوه؟
ساڵح: تاكو ئێستا نه‌گه‌یشتوینه‌ته وه‌رده‌كای. له‌لای ئێمه‌وه، مام
جه‌لال ته‌نها كاندیدی كورده بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق.
نیقاش: هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك هه‌یه له‌وه‌ی تاڵه‌بانی سه‌رله‌نوێ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌ربگرێته‌وه؟
ساڵح: كاندیدكردنی به‌ڕێز مام جه‌لال بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار
هه‌ڵوێستێكی هه‌ماهه‌نگی هه‌رێمی كوردستانه‌و تاكو ئێستا ئه‌وه‌ی
بیزانین هه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسیه‌كانی عێراق له‌مباریه‌وه ئیجابییه‌و
كه‌س كێشه‌ی نییه.
نیقاش: له‌سه‌رده‌می ئه‌م كابینه‌یه‌ی جه‌نابتاندا، كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدا گه‌یشتوه‌ته چ ئاستێك؟
ساڵح: هه‌ڵبه‌ته كێشه له‌نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدادا هه‌یه، به‌ڵام گه‌ر
وردتر باسی بكه‌ین، ئه‌وه كێشه‌كان له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم‌و هه‌ندێ
لایه‌نی نێو حكومه‌تی فیدراڵی عێراقه.
ئه‌م كێشه‌و گیروگرفتانه كه‌ڵه‌كه‌بوی چه‌ندین ساڵی رابردوه كه
له‌ئه‌نجامی تێڕوانینی جیاوازه‌وه بۆ بڕگه‌كانی ده‌ستور
سه‌ریانهه‌ڵداوه. ئێمه وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم هه‌میشه ته‌ئكید له‌وه
ده‌كه‌ینه‌وه كه پابه‌ندی به‌نده‌كانی ده‌ستورین‌و
په‌یوه‌ندیه‌كانیشمان به‌پێی ئه‌و به‌ندانه ده‌بێت.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م كاره هه‌ندێ جار له‌لایه‌ن به‌غداوه دوچاری گێچه‌ڵ‌و
ململانێی سیاسی ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵمان
داوه به‌شێ بین له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌كان نه‌ك له‌قوڵكردنه‌وه‌یان،
له‌هه‌ندێ بواردا به‌ره‌وپێشچونی به‌رچاومان به‌ده‌ست هێناوه‌و
له‌هه‌ندێ بواری تردا هێشتا ماومانه.
نیقاش: ده‌كرێت وردتر باسی گۆڕانكاریه ئیجابی‌و سلبیه‌كان بكه‌ین؟
ساڵح: بۆ نمونه كۆمه‌ڵێ كێشه‌ی داراییمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بو، به‌ڵام
به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی‌و خودی سه‌رۆك وه‌زیرانی
به‌غدا به‌ڕێز نوری مالكی، هه‌ندێكمان چاره‌سه‌ر كردوه. ئه‌وه‌ی كه
ئێستا ماوه‌ته‌وه، مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌یه كه به‌شێكه
له‌سیسته‌می به‌رگری عێراق، ئه‌مه جگه له‌تیڕوانینه جیاوازه‌كانمان
له‌باره‌ی نه‌وت‌و گاز‌و له‌مه‌شیاندا به‌ره‌وپێشچونی به‌رچاومان
به‌ده‌ستهێناوه‌و پڕۆژه‌یه‌كی هه‌لایه‌نه‌مان گه‌ڵاڵه‌كردوه
به‌پشتیوانی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و پێشكه‌شی به‌غدامان كردوه به‌مه‌به‌ستی
یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه.
ئێستا له‌كوردستاندا له‌دوو كێڵگه سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتین‌و
به‌پێی پڕۆژه ئاماده‌كراوه‌كه، داهاتی ئه‌و دوو كێڵگه‌یه بۆ
خه‌زێنه‌ی ناوه‌ندیی عێراق ده‌بێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشكه‌ریه،
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا پڕۆژه‌كه‌یان په‌سه‌ند كردوه‌و
له‌مباره‌یه‌وه وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی به‌غدا هاتنه هه‌رێم‌و
له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه سروشتیه‌كان یاداشتنامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان
ئیمزا كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، به‌هۆی كه‌ش‌و هه‌وای سیاسی ئاڵۆزی به‌غداوه،
به‌ته‌ئكید كێشه‌و بیروبۆچونی جیاواز له‌ئارادا هه‌ر ماوه، به‌ڵام
هه‌رده‌م ده‌یڵێینه‌وه، ئێمه وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی
جدی ده‌ده‌ین به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و دوباره‌شی
ده‌كه‌ینه‌وه كه بۆ ئێمه ده‌ستور بنه‌مای سه‌ره‌كی رێكخستنی كار‌و
په‌یوه‌ندیه‌كانمانه.
نیقاش: مه‌ترسیه‌كانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق چین؟
ساڵح: بێگۆمان كشانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق
گۆڕان‌و دۆخێكی نوێ دێنێته ئاراوه كه ده‌بێت ره‌چاوی بكه‌ین. ئه‌م
كشانه‌وه‌یه گۆڕانكاری به‌سه‌ر كۆمه‌ڵی هاوكێشه‌ی ناوخۆیی عێراق‌و
بگره ئیقلیمیش دێنێت به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت پێداچونه‌وه‌ی جدی بۆ بكرێت.
ئێمه وه‌كو هه‌رێمی كوردستان، پێشموایه داواكاری گشتی خه‌ڵكی
عێراقیشه، مه‌به‌ستمانه په‌یوه‌ندیه ئابوری‌و كلتوریه‌كانی نێوان
ئه‌مه‌ریكا‌و عێراق، ته‌نانه‌ت له‌پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه، هه‌ر
به‌رده‌وام بێت‌و درێژه‌ی پێبدرێت.
ئه‌گه‌رچی بێگومان ئه‌مه‌ریكا وه‌ك زلهێزی هه‌ره گه‌وره‌ی دنیا
كاریگه‌ری به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌مانه‌وه هه‌ر ده‌مێنێت، به‌ڵام ئێمه ده‌بێت
كاری جدی بكه‌ین‌و كێشه سیاسیه‌كان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌و حكومه‌تێك
بێنینه ئاراوه كه بتوانێت كێشه سیاسیه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر بكات‌و
ئاسایشی وڵات به‌رقه‌رار بكات. ده‌بێت په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ
وڵاتانی دراوسێدا له‌سه‌ر بنه‌مای هاوتا‌و رێزگرتن‌و پاراستنی
به‌رژه‌وه‌ندیه هاوبه‌شه‌كان به‌هێزبكه‌ین.
به‌نسبه‌ت كورده‌وه، بونی ئێمه له‌حكومه‌تی داهاتوی عێراق زه‌مانی
درێژخایه‌نه بۆ داهاتوی كوردستان له‌پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا. ئێمه
خه‌ریكی درێژه‌پێدان‌و تۆكمه‌كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانمانین له‌گه‌ڵ
دراوسێكاندا تاكو بیسه‌لمێنین هه‌رێمی كوردستان نه‌ك مه‌ترسی نییه بۆ
به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان، به‌ڵكو به‌كرده‌وه ئه‌م هه‌رێمه بوه‌ته پردی
په‌یوه‌ندی نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه‌و ئه‌مرۆ كوردستان وه‌كو پێگه‌یه‌كی
ئارام‌و گه‌شه‌سه‌ندوی ئابوری بوه به‌ناوچه‌یه‌كی به‌پیتی
وه‌به‌رهێنای ئابوری بۆ دراوسێكانمان.
ئێمه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه له‌پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق،
كورد هه‌مو توانا‌و سه‌نگ‌و كاریگه‌ری خۆی به‌ئاراسته‌ی خزمه‌تی
سه‌رتاسه‌ری گه‌لانی عێراق ته‌رخانده‌كات له‌پێناو چه‌سپاندنی رژێمێكی
دیموكراتیی ده‌ستوریی فیدراڵیی كه ئه‌مه‌یان نه‌ك ته‌نها له‌قازانجی
خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت، به‌ڵكو له‌قازانجی هه‌مو خه‌ڵكی عێراق ده‌بێت.
نیقاش: كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان كورد‌و عه‌ره‌ب،
به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌كانی جێگه‌ی ململانێ، به‌ره‌و چ ئاڕاسته‌یه‌ك
ده‌بات؟
ساڵح: بێگومان په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندیه‌كی
هه‌ستیار‌و گرنگه‌و سودمه‌نبوین له‌و په‌یوه‌ندیه كه به‌هۆی ده‌وری
ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق توانیمان گه‌وره‌ترین دكتاتۆر له‌ناوبه‌رین كه
یه‌كێكه له‌ده‌ستكه‌وته هه‌ره گه‌وره‌كان.
به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له‌یادبچێت ئێمه لێره ده‌ژین، ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ
بێت یاخود 10 ساڵی دیكه، هه‌ر ده‌كشێته‌وه، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه
ده‌مێنێته‌وه دراوسێكانمانن كه عه‌ره‌ب‌و توركیا‌و ئێرانه، بۆیه
مه‌به‌ستمانه په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌م دراوسێیانه‌ماندا به‌هێز
بكه‌ین‌و له‌سه‌ر ئه‌ساسی ریزگرتن له‌به‌رژه‌وه‌نی هاوبه‌ش به‌رده‌وامی
پێبده‌ین.
هه‌رچی له‌باره‌ی ناوچه‌كانی جێگه‌ی ململانێیه، دیاره مه‌به‌ستی
سه‌ره‌كی خه‌ڵكی كوردستانه ئه‌و ململانێیه یه‌كلاییبكرێته‌وه. ئێمه
بۆچونێكی رون‌و ئاشكرامان هه‌یه كه كه‌ركوك به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه
له‌كوردستان، له‌ڕوی سیاسی‌و جوگرافی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ..هتد كه‌ركوك
كوردستانیه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه كۆمه‌ڵێك تێروانین‌و به‌ڵگه‌مان هه‌یه
ئه‌م تێزه‌مان ده‌سه‌لمێنێت، به‌ڵام هه‌ندێ لایه‌نی عه‌ره‌بی‌و
توركمانی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچونه‌یان هه‌یه. بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م
ململانێیه، ئێمه ده‌ڵێین ده‌ستور‌و مادده‌ی 140 ببێته حه‌كه‌م كه
هه‌مو پێكهاته‌كانی عێراق له‌سه‌ری رێككه‌وتون‌و ده‌نگیان پێداوه، ئێمه
پێداگرین له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری رێگا یاسایی‌و ده‌ستورییه‌كان، نه‌ك
سه‌پاندنی رێگاچاره‌ی تاكڕه‌وانه.
كورد كه ژێرده‌ست‌و چه‌وساوه‌ی ده‌ست شۆفینیزمی سه‌دام حسێن‌و ره‌گه‌ز
په‌رستی بوه، هه‌رگیز قبوڵیناكات مافی خۆی به‌زه‌وت كردنی مافی
لایه‌نه‌كانی تر وه‌ربگرێت. ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه‌یه مافی خه‌ڵكه
ره‌سه‌نه‌كه‌ی ناوچه‌ی كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی تری جێگه‌ی ململانێ
بپارێزین.
نیقاش: دواگۆڕانكاریه‌كانی سه‌ر سنور‌و كێشه‌ی په‌كه‌كه‌و توركیا‌و ئێران گه‌یشت به‌كوێ؟
ساڵح: له‌ڕاستیدا ئه‌م كێشه‌یه جێی ناڕه‌حه‌تی‌و نیگه‌رانیمانه، من خۆم
له‌م به‌ینه چومه بناری قه‌ندیل‌و سه‌ردانی ئاواره‌كانم كرد كه
به‌هۆی تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێوه ده‌ربه‌ده‌ر بون‌و ئێستا
له‌حاڵه‌تێكی ناهه‌مواردا ده‌ژین، هه‌م له‌ڕۆی سیاسی‌و ئه‌منی‌و هه‌م
له‌ڕوی ئینسانیه‌وه ئه‌م بارودۆخه جێگه‌ی نیگه‌رانیه. ئێمه
له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین له‌گه‌ڵ ئێران‌و توركیادا به‌مه‌به‌ستی
چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و ته‌ئكید ئه‌كه‌ینه‌وه كه خواستمانه
په‌وه‌ندیه‌كی پته‌ومان له‌گه‌ڵ دراوسێكانماندا هه‌بێت‌و به‌ئاشتی
له‌گه‌ڵیاندا بژین. به‌ڵێ هه‌ندێ كێشه‌ی ئه‌منی هه‌یه له‌سه‌ر
سنوره‌كان‌و ئێمه نكوڵی له‌وه ناكه‌ین، به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و
كێشانه ته‌نها‌و ته‌نها به‌هاوكاری ده‌بێت له‌نێوان عێراق‌و دراوسێكان
به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی عه‌سكه‌ری‌و تۆپباران
زه‌ره‌ری هه‌یه‌و گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ندیش خه‌ڵكی بێگوناح‌و
دانیشتوی ئه‌و بناره‌ن، پێویسته دراوسێكانمان ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی
ئه‌و خه‌ڵكه بكه‌ن‌و بزانن چاره‌سه‌ر وانابێت.
سازداني : دانا أسعد
|