|
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 28/7/2010 د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی کورانی لەشاری هەولێر کردو راستەخۆ لەگەڵ دوکاندارو کاسبکارو کڕیارو فرۆشیارانی ئەو بازاڕە دواو گوێبیستی کێشەو گرفتەکانیان بوو.
لەو سەردانەیدا کە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر یاوەریی بوو، هاووڵاتییان روو بەروو لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەژیان و گوزەران و کاروکاسبی و پێداویستییەکانی خۆیان دوان.
لەو دیدارە مەیدانیەدا د.بەرهەم ساڵح بەهاووڵاتیانی راگەیاند: حکومەتی هەرێم بەهی خۆیان بزانن و بەراشکاویش گوزارشت لەبیروبۆچوونی خۆیان بکەن و گرفتەکانشیان بخەنە روو، بۆ ئەوەی وەزارەت و دامودەزگاکان باشتر راسپێرین خزمەتی ئێوە بکەن و خزمەتگوزاریتان پێشکەش بکەن.
هەروا سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەکاتی قسەکردنی لەگەڵ کاسبکارانی ئەو بازاڕە میللیەدا کەرۆژانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بۆ راییکردنی پێداویستیەکانیان سەردانی دەکەن، بەوردی گوێبیستی تێبینی و پێشنیاز داواکاریەکانیان بوو، پێشیراگەیاندن کەئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێم ئاوڕدانەوەیە لەژیان و گوزەرانی ئەوان، هەوڵیش درواە بەپێی توانا دادپەروەری لەدابەشکردنی پرۆَژەو خزمەتگوزاری بەسەر ناوچەو چین و توێژە جیاجیاکاندا رەچاو بکرێت.
هەر لەدرێژەی ئەو سەردانە مەیدانیەدا د. بەرهەم رۆڵی کاسبکارو خاوەن پیشە مامناوەندیەکانی لەپرۆسەی گەشەپێدان و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی بازاڕی ناوخۆ بەگرنگ وەسفکرد، چونکە بەرەنجی شانیان بژێوی خۆیان ماڵومنداڵیان دابین دەکەن، لەو میانەیەدا دووپاتی کردەوە کەحکومەت گرنگیان پێدەدات و هانیان دەدات بۆ ئەوەی چالاکانەتر کاربکەن و بەشداری جموجۆڵی بازاڕ بکەن.
هەروا ئاماژەی بەوەشدا بۆ هاندانی زیاتری کەرتی تایبەت و دەستەبەرکردنی دوارۆژی ژیان و گوزەرانیان، حکومەت لەبەرنامەی دایە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی پەسەندبکات و بیخاتە بەردەستی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا مافی ئەو هاووڵاتیانەی لەو کەرتەدا کاردەکەن مسۆگەر ببێت و فشاریش لەسەر کەرتی گشتی کەم ببێتەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشیشی لەپارێزگاری هەولێرو شارەوانی و فەرمانگە حکومیەکانی هەولێر کرد کەتوانیویانە بەشێوەیەکی باش خزمەتی خەڵک بکەن و بەدەنگ داواکانیانەوە بچن.
کاسبکارو هاووڵاتیانی بازاڕی کوران بەخۆشحاڵیەوە پێشوازیان لەو سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردو ئاماژەیان بەوە دا نزیکی سەرۆک وەزیران لەباری ژیان و کێشەکانیان هۆکارێکی سەرەکی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیەو دەبێتە مایەی نزیکبوونەوەی زیاتری خەڵک و حکومەت، بۆیە ئەو بەسەرکردنەوەیان بەگرنگ باسکرد چونکە بەگوێرەی بۆچوونی ئەوان، سەردانی لەو جۆرە نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم و سەرۆکەکەی، خەمخۆری هەموو چین توێژەکانن، بەتایبەتی خەڵکی پیشەوەرو کاسبکاران.
هەروا ئاماژەیان بەوەشکرد کە بەسەرکردنەوەی شاروشارۆچکە و پڕۆژەکان لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی باشی لەسەر ئەدای حکومەت و وەزارەت و سەرجەم دامودەزگاکان هەبووە.
|