|
ئەمڕۆ 18/8 بەڕێز شەریف شاهین باڵیۆزی میسر لەعیراق سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردو لەلایەن بەڕێز د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێکراو سەبارەت بە گەشەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێم و وڵاتی میسرو گفتوگۆیان کرد.
سەرەتای دیدارەکە باڵیۆزی میسر بەگرنگیەوە باسی لەدۆخی سیاسیی و ئابووری و ئەمنی هەرێم کردو ئاماژەی بەوەدا کەپێشکەوتنی گەورە لەبواری ئاوەدانی و ئابووری و بازرگانی وەدەست هاتووە، کە مایەی دەستخۆشیە.
دواتر ویستی وڵاتەکەی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشاندا، روونیشیکردەوە کە مەرسومی کۆماری کردنەوەی کونسوڵخانەی میسر لەهەرێمی کوردستان دەرچووەو لەداهاتوویەکی نزیکیشدا دەکرێتەوە، راشیگەیاند کردنەوەی کونسوڵخانە لەهەولێر، نیشانەی گرنگی دانی میسرە بەهەرێمی کوردستان ، هەروا سوپاسی حکومەتی هەرێمیشی کرد سەبارەت بەمیوانداریکردنی وەفدی فراوانی وەبەرهێن و خاوەن کۆمپانیاو پیاوانی کاری میسر، بەمەبەستی کردنەوەی بواری کارکردن لەبەردەم سەرمایەدارانی وڵاتەکەیدا .
بەڕێز د. بەرهەم ساڵح لەلایەن خۆیەوە بە بایەخەوە باسی لەپەیوەندی لەمێژینەی میسرو کورد کرد، کەلەرۆژانی سەختی خەباتدا، لەو وڵاتەدا پێشوازی لەسەرکردەکانی شۆڕشی کوردستان کراوە، لەوبارەیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ووتی: ئەو پەیوەندیە مێژوویانە کاریگەری زۆریان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیەکانی ئێستامان دەبێت و دەبنە هەوێنی هاریکاری و هەماهەنگی زیاتر.
هەر لەدرێژەی ئەو دیدارەدا بەڕێز د. بەرهەم ساڵح ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەش کردنی هەموو جۆرە ئاسانکاریەک لەپێناو بەهێز کردنی پەیوەندیە سیاسیی و ئابووریەکان لەگەڵ میسر خستەڕوو، تەئکیدیشی کردەوە کەبڕیاری کردنەوەی کونسوڵخانەی میسر لەهەرێم هەنگاوێکی گرنگ بوو، چونکە میسر یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو کەبڕیاریدا لەرێگەی کردنەوەی کونسوڵخانەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێم رێک بخات، هیواشی خواست ئەم هەنگاوەی میسر ببێتە سەرەتایەک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی وڵاتانی تری عەرەبی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.
|