|
ئەمڕۆ 25/8 بەڕێز د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەشاری هەولێر پێشوازیکرد لەجیمس جیڤری باڵیۆزی تازەی ئەمریکا لەعیراق و سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکاو عیراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.
دوای بەخێرهێنانی باڵیۆزی تازەی ئەمریکا، سەرۆکی حکومەتی هەرێم هیوای خواست بەسەرکەوتووی ئەرکی تازەی لەعیراق جێبەجێ بکات و هاوکاری عیراقیەکان بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەو ناکۆکیەکان، هەروا رۆڵی زیاتریش ببینێت لەپتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان عیراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکادا، لەوچوارچێوەیەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەشارەزایی و ئەزموونی جیمس جیڤری کرد.
باڵیۆزی تازەی ئەمریکا لەعیراق سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستانی کردو دوپاتی کردەوە کەهەموو توانای خۆی دەخاتە کار بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان وڵاتەکەی و عیراق و هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک کەلەبەرژوەندی هاوبەشی هەردولادا بێت.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەی نێوان د. بەرهەم ساڵح و جیمس جیڤریدا سەبارەت بەهەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق و دانوستانی لیستە براوەکان گفتوگۆ کرا، هەردولا تەئکیدیان لەپێکهێنانی حکومەتی شەراکەتی نیشتمانی و پابەندبوون بەدەستوور کردەوە.
|