|
ئەمڕۆ 6/9/2010 بەسەرۆکایەتی بەڕێز د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەشاری هەولێر کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکومەت، باسی لەدۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی عیراق کرد، هەروا ئاماژەی بەسەردانی جۆزیف بایدن جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە بەڕێز د. بەرهەم ساڵح روونیکردەوە کەسەردانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کوردستان، نیشانەی بایەخدنی ئەو وڵاتەیە بەهەرێم و رەنگدانەوەی ئەو رۆڵە گرنگەیە کەلەعیراقدا دەبینێت، هەروا وتی: جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کەهیچ هاوکێشەیەکی سیاسی بێ رەچاوکردنی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان نابێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی وەکو فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەرۆڵی جەنەرال ئۆدێرنۆ کرد لەهاریکاری عیراقیەکان و بەناوی حکومەتی هەرێمەو سوپاسی کرد، هەر بەوبۆنەیەوە سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشی کرد کەیارمەتی عیراقیەکانیدا کەلەدەست رژێمێکی دیکتاتۆری بێوێنە رزگاریان ببێت، سەرەڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەبۆنەی دەست بەکاربوونی جەنەرال ئۆستن وەکو فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئەمریکا لەعیراق.
دواتر سەبارەت بەو راپرسیەی کەبڕیارە تورکیا ئەنجام بدرێت، تەئکید کرایەوە کەهۆکارێک بێت بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاسایش و بەدەستهێنانی مافە دیموکراتیەکانی خەڵکی کوردستان.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری پلاندانان سەباەت بەپرۆسەی سەرژمێری کەبڕیارە لەمانگی 10 ی ئەمساڵ ءئەنجام بدرێت راپۆرتێکی زارەکی پێشکەش کرد و باسی لەگرفت و کێشەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە کرد، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا تەئکید کرایەوە کەپێویستە ئەو سەرژمێریە هەنگاوێک بێت بۆ یەکخستنی خەڵکی عیراق، نەک بۆ دروستکردنی ناکۆکی زیاتر، تەئکیدیشکرایەوە کەهیچ چەواشەکاری و شێواندنی راستیە دیموگرافیەکان قبوڵ ناکرێت، هەر لەو میانەیەشدا بڕیاردرا کەرۆژانی 21-24/ 10 وەکو رێگە خۆشکردن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، هاوشێوەی ناوچەکانی تری عیراق لەهەرێمی کوردستانیش دەوامی رەسمی بکرێتە پشوو .
لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریش درا تا یاسای نوێی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لەحکومەتی عیراق دەردەچێت، پۆلیس و رێپێدروانی ئاساسایش و ناوخۆ، کەراژەکانیان لە20 ساڵ زیاترە وبەو مەرجەی 15 ساڵی راژەکەیان لەهێزی ئاسایش و ناوخۆ بێت، بە80% مووچەو دەرماڵەکەیان خانەنشین بکرێن، ئەوانەش کەراژەیان لە15 ساڵ زیاترەو لە20 ساڵ کەمترە بە 80% مووچەو 50% دەرماڵەکەیان خانەنشین بکرێن، هەروا بریاریشدرا کەدەرماڵەی خوێندکاران و قوتابیانی کۆلیژی پۆلیس لەهەولێرو سلێمانی یەکبخرێت، سەرەڕای زیادکردنی دەرماڵەکە بۆ 250 هەزار دیناری مانگانە.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا بەدانانی میکانیزمێکی تازە بۆ ئاسانکاری کردن بۆ پۆلینکردنی کۆمپانیا بیانیەکان و پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتیش بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی کەمپی تازەی زانکۆی سەلاحەدین لەشاری هەولێر.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی راپۆرتێکی سەبارەت بەهەنگاوەکانی کۆتایی دەسپێکردنی پڕۆژەی تواناسازی کوردستان خستەڕوو، کەتیایدا روونیکردەوە پرۆسەی جیاکردنەوەی ناوی دەرچووان بەگوێرەی مەرج و پێوەرەکان لەقۆناغی کۆتاییدایەو لەئایندەیکی نزیکدا تەواو دەکرێت.
|