ئەمڕۆ 6/9/2010 جەنەراڵ ئۆستن فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئەمریکا لەعیراق و جیمس جیڤری باڵیۆزی ئەمریکا لەعیراق بەهاوڕێیەتی وەفدێکی باڵای سوپای ئەمریکاو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لەبەغدا سەردانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کردو لەلایەن د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە پێشوازیان لێکراو سەبارەت بەهەماهەنگی سیاسی و ئابووری و پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنە گفتوگۆیان کرد.
سەرەتای دیدارەکە بەڕێز د. بەرهەم ساڵح خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بەدەست بەکاربوونی جەنەرال ئۆستن دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەم ئەرکە تازەیەیدا، هەروەک سوپاسی رۆڵی جەنەرال ئۆدێرنۆشی کرد کەبەسەرکەوتووی ئەرکەکەی خۆی بەجێهێنا، دواتر سوپاسگوزاری خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی بە بەحکومەتی ئەمریکاو سوپاکەی گەیاند سەبارەت بەو رۆڵە گرنگەی لەئازادکردنی گەلانی عیراق و بونیاتنانی عیراقێکی تازەی دیموکراسی و فیدرالی و دەستووریدا بینیان، روونیشیکردەوە کەخەڵکی کوردستان بەچاوی رێزەوە دەڕواننە قوربانیەکانی ئەمریکا لەو پێناوەدا، هەروا ئاماژەی بەرۆڵی هێزەکانی هاوپەیماناندا لەهاوکاریکردنی عیراقیەکان لەبواری سیاسیی و ئەمنی و ئابووری و دروستکردنەوەی دامەزراوەکانی تازەی دەوڵەتدا.
هەر لەودیدارەدا سەبارەت بەهەماهەنگی سیاسیی و ئەمنی و ئابووری نێوان ئەمریکاو هەرێمی کوردستان گفتوگۆکرا، هەردولا تەئکیدیان لەپێویستی پتەوکردنی پەیوەندیەکان کردەوە کەلەبەرژەوەندی هاوبەشی هەرێم ئەمریکاو عیراقی تازەدا بێت، هەر لەوچوارچێوەیەدا سەبارەت بەیارمەتی هێزەکانی ئەمریکا بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو راهێنان و گەشەپێدانی وەک بەشێک لەسیستمی بەرگری عیراق گفتوگۆ کرا، هەردولا بەردەوامی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و یارمەتی هێزەکانی ئەمریکایان لەو بوارە بەگرنگ بۆ دۆخی ئەمنی هەرێم و عیراق وەسفکرد.
لتەوەرێکی تری دیارکەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەفدی ئەمریکا سەبارەت بەدۆخی سیاسیی عیراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی تازە گفتوگۆ کرا، هەردولا پشتیوانی خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی شەراکەتی نیشتمانی و پابەندبوون بەدەستوور دوپاتکردەوە، لەپێناو رزگارکردنی عیراق لەو تەنگژە سیاسیەی پێیدا تێدەپەڕێت.
|