|
دوێنێ 23/11/2009 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەت و بەئامادەبوونی ئازاد بەرواری جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکومەت باسی لەدۆخی سیاسی عیراق کرد، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی یاسای هەڵبژادن لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و تێبینیەکان خەڵکی کوردستان لەسەر تۆماری دەنگدەران، کەفۆرمی خۆراک وەکو بنەما بەکارهاتووەو بەهۆیەوە ژمارەی کورسییکانی هەرێم لەو ئەنجومەنە لەچاو رێژەی دانشتوان و سەنگی کورد کەمدەکاتەوە. لەوبارەیەوە سەرۆکی حکومەت رایگەیاند: تەرخانکردنی کورسی لەسەر ئەو زانیاریە هەڵانەی وەزارەتی بازرگانی غەدرێکی ئاشکرایە لەکورد و قابیلی قبوڵکردن نییە، داواشمان کردووە کەئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە ئەم زوڵمە لەقازانجی دیموکراسی و پرۆسەی هەڵبژاردندا نییە، سەرۆکی حکومەت تەئکیدیشی کردەوە کەپێوستە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و لەگەڵ لایەنە هاوپەیمانەکانیش لەوبارەیەوە هاوکاری هەماهەنگی بکرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەردانی سەرۆک کۆماری عیراق بۆ فەرەنساو سەرۆکی هەرێم بۆ هەندێ وڵاتی ئەوروپا بەسەرکەوتوو هەڵسەنگێندرا، .
تەوەریکی تری کۆبوونەوەکە بریتی بوو لەگفتوگۆ کردن لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خانووانەی بەسەرپێچی لەسنووری شارەوانیەکان دروست کراون، بۆ ئەم مەبەستە لیژنیەک لەوەزیری شارەوانی گەشتوگوزار، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، وەزیری داد، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و وەزیری کشتوکاڵ پێکهات، بۆ ئەوەی لەماوەی داهاتوودا بەشێوەیەکی مەیدانی دیراسەی ئەو دیاردەیە بکەن و راپۆرتێکی تێروتەسەل ئامادە بکەن و بیخەنە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.
لەدرێژەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وەزیری دارایی راپۆرتێکی سەبارەت بەباری دارایی هەرێم و ئامادەکاریەکانی یاسای بودجە پێشکەشکرد، کەتیایدا بەجدی کار بۆ کەمکردنەوەی نەفەقاتی کارپێکردن کراوە، بۆ ئەوەی لەبواری وەبەرهێنان بەکاربهێندرێتەوە، هەر لەو راپۆرتەی وەزیری دارایی ئاماژە بەوکرا کەزۆربەی وەزارەتەکان بودجەی خۆیان پێشکەشکردوەو گفتگۆکانیشیان تەواو بووە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم تەئکیدی کردەوە کەبەزووترین کات بودجەی هەرێمی کوردستان ئامادە بکرێت و بخرێتە بەردەم پەرلەمانەوە.
|