دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سلێمانى پێشوازیی کرد لە عەلى و هەردوو خێزانەکەى ئەو منداڵە هەڵەبجەییەى کە لە کیمیا بارانى شارەکەیدا لە خێزانەکەى ونبووە و پاش 21 ساڵ گەڕایەوە ئامێزى خێزانەکەى .
دواى نیوەڕۆى ئەمرۆ 5/12/2009 لە دیدارێکدا سەرۆکى حکومەتى هەرێم بەگەرمى پێشوازی لە عەلى و هەردوو خێزانەکەى کرد و بەخێرهاتنەوەى کرد بۆ گەڕانەوەى و ئەم ڕووداوەى بە ڕووداوێکى مرۆڤایەتى گەورە وەسفکرد و وتى ئەمە نمونەیەکى زیندوو ئەو هەزاران تراژیدیایانەیە کە رژێمى لەناوچووى بەعس بەسەر میللەتى کوردیدا هێناوە و بەناوى حکومەتى هەرێمەوە سوپاسى ئەو خێزانە ئێرانیەشى کرد کە عەلی یان بەخێو کردووە ئاماژەیکرد بەوەى ئەو خێزانە چاکەیەکى گەورەیان کردووە و رۆژێک دێت ئەو چاکەیە بێتەوە رێگایان و ئاماژەى بە پەیوەندیى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد و وتى میللەتى ئێران و کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەموو ئەو کارەساتانەى بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە بەهانامانەوە هاتوون بە تایبەت لە 16/3/1988 دا کە رژێمى لە ناوچووى بەعس شارى هەڵەبجەى کیمیا باران کرد و دووپاتى کردەوە میللەتەکەمان هەرگیز چاکەى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەبیر ناکات و داواشى لەو خێزانەکرد هەرێمى کوردستان بە وڵاتى خۆیان و ئێمەش بەکەس و کارى خۆیان بزانن.
سەرۆکى حکومەت ئامادەیى دەربرى بۆ هەموو پشتیوانى و کار ئاسانییەک بۆ ئەوەى عەلى بتوانێت درێژە بە خوێندن بدات و لەگەڵ خێزانەکى بەئاسودەى بژی.
|