ئەمڕۆ 10/1/2010 د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لێپرسراوانی یەکە ئیداریەکانی ناوچەی بیتوێن و پشدەر کۆبووە.لەو کۆبوونەوەیەدا د. بەرهەم گرنگی ئەو دوو ناوچەیەی دوپاتکردەوەو پێی راگەیاندن کەسەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت بەبایەخەوە لەپێداویستی و خزمەتگوزاری دانشتوانی رانیەو قەڵادزێ دەڕوانێت و دەیانەوێت بەپلانێکی بەرنامە بۆ دارێژراو کەمووکوڕیەکانیان چارەسەر بکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لەهەردوو قایمقامی رانیەو قەڵادزێ و تەواوی یەکە ئیداریەکانی ئەو دوو قەزایە کرد خۆیان سازو ئامادە بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی لەبودجەی ئەمساڵدا بۆ ناوچەکانیان تەرخانکراون، وەک سەرۆکی حکومەت باسی لێوە کرد لەو بودجەیەدا هەوڵ دراوە بەشی ئەو دوو ناوچەیە لەپڕۆژەو کاری خزمەتگوزاری لەبەر چاو بگیرێت، چونکە هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە بەهۆی قوربانیدان و فیدارکاریان شایستەی هەموو جۆرە خزمەتکردنێکن، تەواوی ئەو پڕۆژانەی بۆ رانیەو قەڵادزێ لەبودجەدا جێکراونەتەوە پارەی تەواویان بۆ دادەنرێت و دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. د. بەرهەم ئاماژەی بەوەشدا کە گەڵاڵە کردن و پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەلالەتی ئەوەیە حکومەتی هەرێم دەیەوێت بەشێوەیەکی دامەزراوەیی و بەپلان کاربکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خەڵک، .
هەر لەمیانەی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتدا لەگەڵ بەرپرسی یەکە ئیداریەکانی رانیەو قەڵادزێ دا کە بەئامادەبوونی وەزیرانی دارایی، شارەوانی ،کاروباری شەهیدان ئەنفالکراوەکان و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بەرێوە چوو تاكید کرایەوە کەحکومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی گرنگی بەهەموو ناوچەکان دەدات و هەوڵ دەدات کەموکوڕیەکانیان بەگوێرەی توانا چارەسەر بکات، لەوبارەیەوە د. بەرهەم بەئامادەبوانی راگەیاند: حکومەت هی هەموو هاووڵاتیانە و خۆی بەخاوەنی کێشەو گرفتی هەموو لایەک دەزانێت و بەرپرسیشە لەدابینکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی خەڵک، بۆیە بێبایەخکردنی کاروچالاکی و پڕۆژەکانی حکومەت لەژێر هەر بیانویەکدا بێت خزمەتی هیچ لایەک و خەڵکیش ناکات.
سەبارەت بەبەرنامەی حکومەتیش د. بەرهەم بۆ ئامادەبوانی روونکردەوە کەحکومەت هەوڵ دەدات دەسەڵات بە وەزارەتەکان بدات و لەوێشەوە بۆ شارو ناوچەکان، بۆ ئەوەی هەموو دامودەزگا حکومیەکان بەزووترین کات و بەکەمترین رۆتین کاروباری هاووڵاتیان رایی بکەن و پێویست نەکات لەناوچە دوورەکانەوە خەڵک روو لەپارێزگاکان بکات.
دواتر سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا بەشێک لەداواکاریەکانی ئەو دووناوچەیە جێبەجێ بکرێن لەبواری کشتوکاڵ و پەرەوەردەو خوێندنی باڵاو شارەوانی و کارەباو تەندروستی، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی حکومەت وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی راسپارد بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارانە بکات و هەماهەنگی جێبەجێکردنیان بێت، هەروا ئامادەبوانی راسپارد کەسەرمایەگوزارانی ناوچەکانی خۆیان راسپێرن پڕۆژەی وەبەرهێنان و دامەزراندنی کارگە دەست پێبکەن بەشێوەیەک کەخزمەتی خەڵکی بکات و کاریگەریان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی بێکاری و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان، لەوبارەیەوە د. بەرهەم بڕیاریدا کەحکومەتی هەرێم پاڵپشتی تەواوی ئەو سەرمایە گوزارانەو پڕۆژەکانیان بکات.
|