ئەمڕۆ 3/2/2010 سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوكتور بەرهەم سالەح پێشوازیکرد لەسەرۆک و ئەندامانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و پشتیوانی حکومەتیشی بۆ بەرقەراکردنی یاسا دوپاتکردەوە.
لەودیدارەیاندا لەگەڵ دوكتور سالەح، سەندیکای پارێزەران داوایان کرد حکومەت هاوکاری کارئاسانی زیاتر بۆ سەندیکاکەیان بکات، چونکە وەک خۆیان ئاماژەیان پێکرد ئێستا ژمارەیەکی زۆر ئەندامیان هەیەو لەزۆربەی شارەکاندا ژوریان هەیە.
هەر لەو دیدارەدا باس لەدانانی میکانیزمی گونجاو کرا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری یاساناس و پارێزەران ، تەئکیدیش کرایەوە سەندیکای پارێزەران لەوبارەیەوە بە شداری بکەن و لەگەڵ زانکۆکان هەماهەنگی بکەن کەپارێزگاری لەئاستی زانیاری و ئەکادیمی کۆلیژەکانی یاسا بکرێت. سەبارەت بەدروستکردنی پەیوەندیش لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی عیراق، د. بەرهەم رایگەیاند حکومەت هەموو هاوکاری و کارئاسانیەکیان بۆ دەکات، ئەو پەیوەندیەشی بەگرنگ وەسف کرد.
سەرۆکی حکومەت داواشی کرد پارێزەرو یاساناسانی کوردستان بەشداری پڕۆژەی چاکسازی ئیداری حکومەت بکەن، بۆ ئەوەی بەقازانجی خەڵک و حکومەت تەواو ببێت و بەشێوەیەک جێبەجێ ببێت کەکەمترین کێشەو کەموکوڕی تێدا بێت.
هەر ئەمڕۆ د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئەنجومەنی وەزیران چاویکەوت بەیەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان و سەبارەت بەچالاک کردنی بواری بەڵێندەرایەتی و کردنەوەی دەرفەتی زیاتر لەبەردەم کۆمپانیا خۆماڵیەکان گفتوگۆ کرا.
د.ساڵح ئاماژەی بەوەکرد کەحکومەت خەریکی داڕشتنی یاسای گرێبەستەکان و رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانە، کەبەهۆیەوە شەفافیەتی زیاتر رەچاو دەکرێت و میکانیزمی گونجاوترو کاریگەرتر دادەنرێن بۆ کاری بەڵێندەرایەتی و کۆمپانیاکان.
لەدرێژەی ئەو دیدارەدا سەرۆکی حکومەت یەکێتی بەلێندەرانی هاندا کەئامادەسازی باش بکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سەرەکی بەشداری دروستکردنی خانوو بکەن کەلەرێگەی سندوقی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەکرێت و لەبودجەی ئەمساڵدا 300 سێ سەد ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، سەرەڕای بەشداریان لەکارو چالاکیەکانی تر کەبەهۆی پەسەندکردنی بودجەو جێبەجێکردنی دێنە پێشەوە.
دەربارەی بایەخی حکومەتیش بەبواری بەڵێندەرایەتی د. بەرهەم روونیکردەوە کەپێداچوونەوە بەپۆلینی کۆمپانیاکان و توانای دارایی و جێبەجێکردنیان دەکرێت.
وەک کارئاسانیەکیش بۆ کاری بەڵێندەرایەتی بڕیاردا کار بۆ زیادکردنی تاقیگەی بیناسازی لەشارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت و پێشنەی پڕۆژەکانیش دوانەکەوێت و رۆتینی دامودەزگاکانی حکومەتیش کەم بکرێتەوە.
|