|
ئەمڕۆ 18/2/2010 د. بەرهەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری كاوە مەمحمود چاویکەوت بەنووسەرانی هەرسێ لقی هەولێرو سلێمانی و دهۆک-ی یەکێتی نووسەرانی کوردو بایەخی حکومەتی بەدابینکردنی زەمینەیەکی لەبارتر بۆ ژیانی رۆشنبیری و داهێنان دوپاتکردەوە.
لەدیدارێکدا کەژمارەیەکی زۆری نووسەرانی تێدا بەشدار بوون، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەرۆڵی گرنگی یەکێتی نووسەران لەهەموو قۆناغە جیاجیاکان کردو وتی: ئەو یەکێتیە توانیویەتی جێ پەنجەی دیار بەسەر رووخساری سیاسیی و رۆشنبیری کوردیەوە دیاربێت، سەرەڕای دوو لەتبوونی حکومەت و زۆربەی رێکخراوەکان، بەڵام یەکێتی نووسەران بەیەکگرتووی مایەوە، وەک سەرۆکی حکومەت باسی لێوە کرد ئەم هەڵوێستە جێگەی دەستخۆشی و رێزە.
د. بەرهەم باسی لەوەشکرد کەحکومەت هاوکاری یەکێتی نووسەران دەبێت لەچارەسەرکردنی گرفتەکانی و ئەنجامدانی کۆنگرەیەک کەلەبەرژەوەندی نووسەران خۆیان دابێت، دواشیکرد نووسەران لەدەستنیشانکردنی کەمووکوڕی و گرفتەکان و دۆزینەوەی چارەسەر، رۆڵی باشتریان هەبێت، لەوبارەیەوە د. بەرهەم وتی: پێویست دەکات رۆشنبیرو نووسەران رۆڵیان هەبێت لەداهێنانی نەریتی تازەی گفتوگۆو لێک تێگەیشتن و دورکەوتنەوە لەزمانی زبر.
هەر لەدرێژەی ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت بەئامادەبووانی راگەیاند کەبایەخی زۆر بەبواری داهێنان دەدرێت، لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەکرد هاوکاری کتێبخانە گشتیەکان و بواری وەرگێران و ئەدەبی منداڵان دەکرێت.
سەبارەت بەرێزلێنانی نووسەرانیش سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کەپێداچوونەوەی تەواوی تێدا دەکرێت و بڕیاری حکومەت ئاوڕدانەوەو هاوکاریکردنی نووسەرانە.
هەر لەو دیدارەیاندا لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، نووسەران بەوردی باسیان لەکێشەو گرفتەکانی خۆیان و لقەکانیان کرد، پێشنیازو بیروبۆچوونی خۆشیان سەبارەت بەشێوەی هەماهەنگی نێوان حکومەت و نووسەران خستەڕوو. |