|
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 14/4 دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به یاوه‌ری وه‌فدێكی باڵای حكومه‌ت كه پێكهاتبوو له وه‌زیرانی ناوخۆ و شاره‌وانی و كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، سه‌ردانی گه‌رمیانی كرد و به‌شداریكرد له مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی 22ه‌مین ساڵیادی ئه‌نفال له‌كه‌لار و ته‌ئكیدی كرده‌وه له‌سه‌ر بایه‌خ و گرنگیدانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ناوچه‌ی گه‌رمیان و به‌گوڕكردنی پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی و خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ژیانیان، هه‌روه‌ك چۆن حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی له‌توانایدا بووبێت كردوویه‌تی بۆ بوژاندنه‌وه‌ی زیاتری ناوچه‌كه و فه‌راهه‌مكردنی پێداویستییه‌كان و مسۆگه‌ركردنی ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ هاووڵاتیانی دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه و نه‌هێشتنی ئاسه‌واری كاولكاری.
دكتۆر به‌رهه‌م وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و وتی: وه‌ڵامی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌وڵه‌كانی پاكتاوكردنی گه‌لی كورد له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه بریتییه له‌وه‌ی كه ئێمه ژیان دروست ده‌كه‌ینه‌وه، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه كه خانوو بۆ هه‌موو كه‌سوكاری شه‌هید وئه‌نفالكراوه‌كان دروست ده‌كه‌ن و وتی "نابێت هیچ خێزانی شه‌هید و ئه‌نفال هه‌بێت بێ خانوو بێت"، دووپاتیشیكرده‌وه كه هیممه‌تی پێویست ده‌كه‌ین بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا
وتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێم درێغی ناكات له خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و ته‌ئكیدی كرده‌وه رژێمی له‌ناوچووی به‌عس ویستی به پرۆسه‌ی ئه‌نفال و سوتماك و وێرانكردنی خاكی كوردستان، ئاوه‌دانی و گه‌شه‌كردن و ره‌وڕه‌وه‌ی ژیان بوه‌ستێنێت، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت حكومه‌تی هه‌رێم‌و وڵات ئاوه‌دانتر و پێشكه‌وتووتر بێت، یادی ئه‌نفالیش ده‌كه‌ینه بۆنه‌یه‌ك ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتری گه‌رمیان و نوێكردنه‌وه‌ی ژیان و پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی نوێی رۆڵه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه له‌خۆبگرێت".
له مه‌راسیمی یادی ئه‌نفالدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و نامرۆڤانه‌یی تاوانی ئه‌نفال و رایگه‌یاند: هه‌رچه‌نده رۆحی هه‌ر منداڵێكی چاوگه‌شی كوردستان زۆر گه‌وره و پیرۆزتره، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین تاوانبارانی جینۆساید و ئه‌نفالكردنی منداڵان و هاووڵاتیانی كورد له‌دادگایه‌كی عادیلانه دادگایی كراون و به‌سزای عادیلانه‌ی خۆیان گه‌یشتوون.
د.به‌رهه‌م وتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێم درێغی نه‌كردووه له خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری سه‌رفراز و سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، به‌ڵام ئه‌وان شایانی رێز و خزمه‌تی زیاتر و زۆرترن، ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه خزمه‌تیان بكات و پێداویستی و كه‌موكوڕییه‌كانیان بۆ فه‌راهه‌م و مه‌یسه‌ر بكات.
بۆیه حكومه‌تی هه‌رێم به‌رنامه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه كه یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌سوكاری هه‌موو ئه‌نفالكراوان دروست بكات و لانی كه‌م، ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌یان بۆ دابین بكات.
سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌ئكیدی كرده‌وه كه حكومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان و له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی حكومه‌تیشه‌وه زیادكردنی مووچه‌كانیان حساب ده‌كرێت، كه هیوادارین سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بێت بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌ت و ئاوڕدانه‌وه‌ی زیاتر.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ د.به‌رهه‌م ساڵح به‌ردی بناغه‌ی زانكۆی گه‌رمیانی دانا كه‌پرۆژه‌یه‌كی گرنگی بایه‌خدانه به گه‌رمیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی گشتی ناوچه‌كه و ره‌خساندنی زه‌مینه‌ی پێویست بۆ گه‌شه‌كردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی گه‌رمیان.
زانكۆی گه‌رمیان به‌بڕی 12 ملیار دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی 2010 و 7 ملیار دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان دروست ده‌كرێت. به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه سه‌رۆكی حكومه‌ت پیرۆزبایی له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی گه‌رمیان كرد و هیوای خواست كه كردنه‌وه‌ی زانكۆی گه‌رمیان ببێته مایه‌ی زیاتر گه‌شه‌كردن و بوژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كه و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی پێویست تاكو رۆڵه‌كانی ناوچه‌كه خوێندن ته‌واو بكه‌ن و به‌شداری بكه‌ن له خزمه‌تكردن و پێشخستنی كوردستاندا.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌وه‌زیرانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ مه‌لا سه‌عید سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌رپرسی یه‌كه ئیدارییه‌كانی ناوچه‌كه كۆبۆوه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، د.به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاند: هاتنی وه‌فدی باڵای حكومه‌ت ته‌نها بۆ به‌شداریكردن له مه‌راسیمی ئه‌نفالدا نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و بۆنه‌یه‌ی كرده ده‌رفه‌تێك تاكو به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له خزمه‌تی گه‌رمیان و گه‌رمیانییه‌كاندا بێت و كێشه و داخوازییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات كه له‌ئاستی قوربانی و ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانانه‌دا بێت كه‌به‌ر ناوچه‌كه كه‌وتووه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت تیایدا ته‌ئكید بكاته‌وه له‌سه‌ر په‌یامی گرنگی پێدانی ناوچه‌ی گه‌رمیان.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه حكومه‌ت گرنگییه‌كی تایبه‌تی ده‌دات به سه‌رخستنی پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی زانكۆی گه‌رمیان و بوژاندنه‌وه‌ی زیاتری كشتوكاڵ و ئاودێری و پێدانی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ راییكردنی كاروباره‌كانی ناوچه‌كه و كردنه‌وه‌ی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك و دروستكردنی كۆمه‌ڵگای په‌روه‌رده‌یی، بایه‌خدانی زیاتر به مه‌رزی په‌روێزخان وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی بازرگانی گرنگی ناوچه‌كه.
دواتریش له‌هۆڵی ئۆسكاری شاری كه‌لار به‌چاودێری سه‌رۆكی حكومه‌ت و له‌ژێر ناوی ژیان دروست ئه‌كه‌ینه‌وه، ئاهه‌نگێكی ژنهێنانی به‌كۆمه‌ڵ بۆ 50 بووك و زاوای نه‌وه و كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان به‌ڕێوه‌چوو، كه به‌هاوكاری له‌نێوان رێكخراوی خێرخوازی گه‌رمیان و كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكی له‌كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان رێكخرابوو.
ئێواره‌ی هه‌مان رۆژیش، سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌وه‌زیره‌كان و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان دیدارێكی گفتوگۆی كراوه بۆ گه‌نجان و چین و توێژه‌كانی گه‌رمیان رێكخست.
له‌و دیداره كراوه‌یه‌دا، د.به‌رهه‌م ساڵح به‌رنامه‌ی كار و هه‌ڵسوڕانی بۆ به‌شدارانی دیداره‌كه روونكرده‌وه و ته‌ئكیدی كرده‌وه كه گه‌رمیان جێگه‌ی بایه‌خی به‌رده‌وامی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و حكومه‌ت درێغی ناكات له خزمه‌تكردنی.
له‌ماوه‌ی داهاتووشدا بایه‌خ و پرۆژه‌كانی حكومه‌ت به شێوه‌یه‌كی روونتر و ئاشكراتر ده‌رده‌كه‌وێت.
|