|
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ گەرمیان لەیادی تێپەڕبوونی 22 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ 15/4 دکتۆر بەرهەم سالح سەرۆکی حکومەتی کوردستان بەیاوەری ژمارەیەک لەوەزیرانی کابینەکەی سەردانی شاری کفری کرد.
سەرەتا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەل یەکە ئیدارییەکانی کفری کە لە بارەگای ڕووناكبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک بەڕێوە چوو دکتۆر سالح باسی ئەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەی کرد کە لەبەرنامەی حکومەتدان بۆ کفری. لەهەمان میانەدا ئاماژەی کرد بەگرنگیی شاری کفری لەڕووی مێژوویی و سیاسییەوەو تاکیدی کردەوە کە حکومەت کار دەکات بۆ هێنانەکایەوەی پرۆژەی گەشت و گوزار لە شاری کفری دێریندا و برەودان بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانن.
هەر لەو بوارەداو لە کۆبوونەوەیەکی تردا لەگەڵ جەماوەری کفری کە لەهۆڵی هونەرمەندان بەرێوە چوو، سەرۆکی حکومەت باسی گرنگیی کردنەوەی چەند قوتابخانەیەکی بۆ مناڵان و یاریگا بۆ گەنجانی شارەکە کرد . هەر لە هەمان سیاقی خزمەتگوزاریدا دکتۆر ساڵح گەڕاندنەوەی شاری کفری بۆ دۆخی جاران بەستەوە بەپرۆژەی گەشت و گوزارو هاندانی وەبەرهێنەرە ناوخۆییەکان بۆ وەبەرهێنان لەشارێکی دێرینی وەک کفری دا. دروستکردنی بەنداوێکیشی لەشاەرکەو چەند بەنداوێکی تری لەگەرمیان لەبەرنامەی حکومەتدا لەڕووی ئابووری و گەشت وگوزارەوە بەگرنگ وەسف کردو وتی :" پرۆژەیەکی وەها دەتوانێت شارەکە لەڕووی ئابووورییەوە چالاک بکات و ڕۆڵی جارانی بۆ بگەڕێنێتەوە.
دووای نیوەڕۆی ئەمڕۆش سەرۆکی حکومەت سەردانی شاری خانەقینی کرد و لەکۆبوونەوەیەکی فراوان دا لەگەڵ لێپرسراوانی شارەکەو جەماوەرێکی زۆردا باسی لە رەهەندە سیاسی و هەنووکەییەکانی خانەقین و ناوچە دابڕاوەکان کرد. دکتۆر سالح لەقسەکانیدا تاکیدی کردە سەر گرنکی پێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم ناوچانەو ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە نایانەوێت لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان. لەدرێژەی قسەکانیدا لەو بارەیەوە وتی :" ئێمە بەئەرکی نیشتیمانی و ئەخلاقی خۆمانی دەزانین خزمەتی ناوچە دابڕاوەکان بکەین".
|