|
ئێوارەى ئەمڕۆ 21/4، د.بەرهەم ساڵح سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە شارى سلێمانى پێشوازیی کرد لە وەفدێکى فراوانى قەزاى سەید سادق کە پێکهاتبوو لە قایمقامى سەیدسادق و بەرپرسى یەکەئیدارییەکان و ژمارەیەک لە رووناکبیران.
لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکى حکومەت تەئکیدی کردەوە کە حکومەتى هەرێم حکومەتى کۆمەڵانى خەڵکە و جیاوازی لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکى تر، لەبیروڕایەک بۆ بیروڕایەکى تر ناکات و بەپێى بەرنامە و وەکو ئەرکی سەرشانمان، خزمەتى هەموو ناوچەکان و هەموو چین و توێژەکان دەکەین و ئەمسالڕ کۆمەلێک پرۆژە لەناوچە ئەنجام دەدەین و بە بەرنامەیەکى هەمەلایەنیش گرنگیی بەسەید و سادق و ناوچەکانى تر دەدەین و کۆمەلێک پێداویستى ناوچەکە و فەرمانگە حکومییەکان دابین دەکەین.
لەو کۆبوونەوەیەدا، د.بەرهەم پارێزگارى سلێمانى راسپارد سەردانى ناوچەکە بکات و لەنزیکەوە ئاگادارى دۆخى گشتى ناوچەکە و پێداویستییەکان بێت، بەپێى بەرنامە پرۆژە و خزمەتگوزارى بۆ ناوچەکە دابین بکرێت و بەرنامەرێژى بکرێت تاکو لەداهاتوودا خزمەتى زیاتر بکرێت.
لەکۆبوونەوەکەدا، قایمقامى قەزاى سەید سادق و بەرپرسى یەکە ئیدارییەکان و ئامادەبووان باسیان لە پرۆژەکان و کێشە و پێداویستییەکان کرد. قایمقامى قەزاکە رایگەیاند سەیدسادق لەماوەى دوو ساڵى دواى دەرچوونى بڕیارى کردنى بەقەزا بەبڕى 65 ملیار دینار پرۆژەى جۆراوجۆرى تێدا جێبەجێکراوە، کەبەشێکى زۆرى پێداویستى ناوچەکەى دابینکردووە و هیوادارین حکومەتى هەرێم لەمساڵدا کۆمەڵێکى تر پرۆژەى جۆراوجۆر لەناوچەکەدا جێبەجێ بکات.
هەر ئەم ئێوارەيە د.ساڵح لەشارى سلێمانى پێشوازیی کرد لە د.عەلى قەرەداغی و د.مەریوان ئەحمەد رەشید سەرۆکى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیی و ئەندامانى ئەنجومەن و بەرپرسى لقەکانى سلێمانى و کەرکوکی رابیتەى ئیسلامی کورد.
لەدیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەبارەى کار و بەرنامەکانى حکومەتى هەرێم و چۆنیەتى گەشەپێدانى کار و پرۆژەکان، دۆخى خوێندنى باڵا و زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیی بەشێکى ترى گفتوگۆکان بوو.
|