|
ئەمڕۆ 25/4/2010 لەشاری هەولێر هەردوو ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان و دەستەی باڵای وەبەرهێنان لەکوردستان بەجیا بەسەرپەرشتی دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی ئابووری هەرێم بەئامادەبوونی ئازاد بەرواری جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووریدا پێداچوونەوە بەبڕیاری دامەزراندنی کۆمپانیای هاوبەشی فرۆکەوانی لەهەرێمی کوردستاندا کرا کەحکومەتی هەرێم بەبڕی 20% سەرمایەکە بەشدار دەبێت، لیژنەیەکی تازەش بەسەرۆکایەتی وەزیری گواستنەو پێکهات بەمەبەستی دامەزراندنی کۆمپانیای ناوبراو.
هەروا بڕیاردرا حکومەتی هەرێم بەبڕی 6 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوو پشتگیری پرۆژەی پەلەوەری لەکوردستاندا بکات لەرێگەی سەرفکردنی کرێی سەربڕینی مریشک لەسەربڕینخانەکاندا، بەگوێرەی ئەو بڕیارە حکومەت ئەو بڕە پارەیەی سەروە لەجیاتی هاووڵاتیان دەدات بۆ ئەوەی نرخی مریشکی خۆماڵی داببەزێت و بتوانێ کێبڕکێی مریشکی هاتوو لەدەرەوەش بکات.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا لەمانگی حەوتی ئەمساڵدا کۆنفرانسی پێشخستن و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت سازبدرێت بەمەبەستی دانانی رێوشوێنی یارمەتیدان و چالاک کردنی کەرتی تایبەت بەشێوەیەک کەبتوانێت لەپرۆسەی بوژانەوەی کوردستاندا بەشداری بکات.
لەکۆبوونەوەی دەستەی باڵای وەبەرهێنانیشدا تاوتوێی کاری داهاتووی دەستەی وەبەرهێنان و پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران کرا، لەو چوارچێوەیەدا رەزامەندی لەسەر چەند پڕۆژەیەک درا.
بەمەبەستی باشتر بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی دەستەی وەبەرهێنانیش هێرش موحەرەم سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان چەند پێشنیازێکی پێشکەش بەدەستەی باڵاکرد.
هەر لەو کۆبوونەوەی دەستەی باڵای وەبەرهێناندا سەرۆکی حکومەتی هەرێم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هەماهەنگی بەردەوام بکەن و کارئاسانی زیاتر بۆ جێبەجێکردن و راپەراندنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان پێشکەش بکەن.
|