|
ئەمڕۆ 27/4/2020 د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەتەلاری ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیکرد لەفەریدون سنرلی ئۆغلو بریکاری وەزیری دەرەوەی تورکیاو وەفدێکی هاوڕێی.
لەو دیدارەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بریکاری وەزیری دەرەوەی تورکیادا کەوەزیرانی ناوخۆو بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و بەرپرسی پەیوەندیەکانی هەرێم ئامادەیبوون، جەخت لەپەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێم و تورکیا کرایەوە بەشێوەیەک کەلەبەرژەوەندی هاوبەشی هەردولادا بێت، هەروا بنیاتنانی پەیوەندی سیاسی و ئابووری وفەرهەنگی هەمەلایەن باسی لێوەکرا، سەرەڕای باسکردن لەگرنگی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و دەرەنجامەکانی کە هەردولا بەسەرکەوتوو وەسفیان کرد.
لەو دیدارەدا د. بەرهەم ساڵح بایەخی پشتیوانی وڵاتێکی دراوسێیی وەك تورکیای سەبارەت بەپرۆسەی سیاسی عیراق و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، روونیشیکردەوە کە کوردستان وەکو دەروازەیەک بۆ پەیوەندی سیاسی و ئابووری و بازرگانی ناوچەکانی تری عیراق رۆڵێکی گرنگ دەبینێت، هەروا ئاماژەی بەخاڵە هاوبەشەکانیش وەک ژێرخانی پەیوەندیەکی پتەو بەردەوام لەنێوان هەردولادا كرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی روونكردەوە کەکورد دەیەوێت ژینگەیەکی لەباری پێکەوەژیانی ئاشتیانەو گیانی لەیەکگەیشتن لەعیراقدا بەرقەرار بێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا روونیکردەوە رۆڵی کورد لەبەغدا تەنیا لەبەرژەوەندی کورد و خواستەکانیدا نییە، بەڵکو لەخزمەت گەشەپێدانی پرۆسەی سیاسی و چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی و فیدرالی و پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوکاری پێکهاتەکانی عیراقیشە، هەر لەودیدارەدا بریکاری وەزیری دەروەی تورکیا رایگەیاند کەوڵاتەکەی بەگرنگیەوە سەیری پەیوەندیەکانی لەگەڵ عیراق دەکات و خوازیارە زیاتر گەشەی پێبدات و فراوانتری بکات.
لەدیداری نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بریکاری وەزیری دەرەوەی تورکیادا چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردارەکانی نێوان هەرێم و بەغداش باس لە مەسەلەكانی وەک نەوت و پێشمەرگەو ناوچە جێناکۆکەکان لەرێگەی پابەندبوون بەدەستوورو جێبەجێکردنی بڕگەکانی کرا.
سەبارەت بەهەلومەرجی سیاسی عیراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی تازەش، بیروڕا ئاڵوگۆرکراو پێکهێنانی حکومەتێک کەرەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکی عیراق بێت، بەهەموو پێکهاتەکانیەوە بەگرنگ وەسفکرا، تەئکیدیش کرایەوە کەپێویستە سەرجەم لیستە براوەکان و پێکهاتە سەرەکیەکان بەشداری حکومەت و پرۆسەی سیاسی عیراق بکەن.
هەروەها د. بەرهەم تەئکیدی کردەوە پێویستە رێز لەئیرادەی دیموکراتی گەلانی عیراق بگیرێ و نابێ بهێڵین بەپاساوی جیاجیا رێگەی لێ بگیرێت، هەردولاش کۆک بوون لەسەر ئەوەی دراوسێکانی عیراق رێز لەپرۆسەی دیموکراتی عیراق و سەروەری ئەو وڵاتە بگرن و دەست وەرنەدەنە کاروبارە ناوخۆیەکانیەوە.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا گەشەپێدانی پەیوەندی بازرگانی و دروستکردنی ناوچەی بازرگانی ئازاد و کارئاسانی بۆ سەرمایەگوزاری هاوبەش تاوتوێکرا، هاوکات دەست بەکاربوونی هێڵی ئاسمانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان وەکو ئاسانکاریەک بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و بازرگانان باسکرا.
|