ئەمڕۆ 1/5/2010 لەشاری هەولێر د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێم چاویکەوت بەئەنجومەنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەو دیدارەیدا لەگەڵ ئەنجومەنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەمریکادا بەوردی سەبارەت بەهەلومەرجی سیاسی عیراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی تازە دوا، سەرەڕای باسکردنی بەرنامەی کاری حکومەتی هەرێم لەبوارە جۆربەجۆرەکان و گەشەپێدانی سیاسی وئابووری.
دەربارەی دۆخی سیاسی عیراق سەرۆکی حکومەتی هەرێم روونیکردەوە کورد خوازیاری ئەوەیە حکومەتێک پێک بێت رەنگدانەوەی ئیرادەی هەموو گەلانی عیراق بێت و بتوانێ لەقۆناغی داهاتوودا خزمەتی عیراق بەهەموو پێکهاتەکانیەوە بکات، ئەمەش بەپابەندبوون بەدەستوورو جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەبێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا کورد دەیەوێت لەبەغدا بەهێز بێت بۆ ئەوەی بتوانێ بەرگری لەدەسکەوتە دیموکراسیی و دەستووریەکان بکات کەزادەی دەنگدانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی عیراقن.
هەر لەوچوارچێوەیەدا د. بەرهەم بەئامادەبوانی راگەیاند: بەگەڕانەوەبۆ دەستوور و رێوشوێنە دیموکراتیەکان و لێکگەیشتنی نێوان لیستە براوەکان گرفتی پێکهێنانی حکومەت لەچارەسەر نزیک دەبێتەوە.
لەوەڵامی چەند پرسیارێکی ئامادەبوان سەبارەت بەچۆنیەتی کارکردنی حکومەت و بوژانەوەی کوردستان و بنیاتنانی بنەمایەکی ئابووری بەهێز و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی هەرێم بەدنیای دەروە د. بەرهەم ساڵح روونیکردەوە ئەزموونی کورد بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عیراق لەناوبردن و کارەسات و نکوڵی کردن بووە لەمافەکانی، بەڵام سەرەڕای ئەو مێژووە تاڵە کورد توانی دەسکەوتی باش بەدەست بهێنێت و لەبواری دەستەبەرکردنی دیموکراسی و ئازادیدا هەنگاوی گرنگ بچێتە پێشەوە، کە لەدوای ئازادکردنی عیراقیش بووە پارسەنگێکی بەهێزی دیموکراسی و دروستکردنی عیراقێکی تازە.
د. بەرهەم لەدرێژەی روونکردنەوەکەیدا بۆ وەفدی میوان وتی: حکومەتی هەرێم لەسەرجەم بوارەکاندا هەنگاوی گرنگی ناوە، ئاسایش بەرقەرارەو ژینگەیەکی یاسایی بۆ سەرمایەگوزاری رەخساوە، حکومەت بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک.
لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەنجومەنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد کەهەرێمی کوردستان لەزۆربەی بوارەکاندا پێویستی بەشارەزایی و ئەزموونی دەرەوە هەیە، لەو میانەیدا د. بەرهەم داوایکرد وەفدی میوان دوای بینینی واقیعی هەرێم، دیمەنی راستەقینەی کوردستان بگەیەننە ناوەندە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکاو هانی کۆمپانیاو وەبەرهێنەکانیان بدەن کەرووی لەهەرێم بکەن، چونکە کوردستان دەروازەی گشت عیراق و بەشێک لەناوچەکەشە.
لەکۆتایی دیدارەکەدا وەفدی میوان سەرسامی خۆیان بە پێشکەوتنەکانی هەرێم لەبواری ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەی ئابووری دەربڕی و رایانگەیاند هەوڵدەدەن وێنەی راستەقینەی هەرێم بگوازنەوە وڵاتەکەی خۆیان
|