ئەمرو ٥/٥/٢٠١٠، د.بەرهەم ساڵح حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهۆڵی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی دهۆک بەئامادەبوونی وەفدەكەی هاوریی لەگەل پارێزگار و قایمقامی قەزای دهۆک و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی دهۆک، کۆبۆوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لەوەزیری ناوخۆ و رۆشنبیری و کارەباو ئاوەدانکردنەوەو کشتوکاڵ و بریکاری وەزارەتی دارایی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئامادەیبوون، سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بەخێرهاتنی گەرمی لەوەفدەکەی حکومەت کرد و روونیکردەوە کە ئەم سەردانە کاریگەری لەسەر بواری گەشەپێدانی خزمەتگوزاری دهۆک دەبێت.
پاشان سەرۆکی حکومەت وتەیەکی پێشکەش کرد تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان دڵخۆشن بەوەی لەگەڵ وەفدێکی ئەنجومەنی وەزیران هاتوونەتە شاری دهۆک و نموونەیەکی جوانی ئاوەدانکردنەوەو بوژاندنەوە دەبینن وتیشی: گەشەکردنی دهۆک نیشانەی دڵسۆزی کارکردنی یەکە ئیدارییەکانی حکومەتی هەرێمە لەناوچەکەدا.
هەروەها وتی: بەرنامەی باشتر کارکردن و خزمەتکردنی خەڵکمان دەوێت، هەرچەندە ئێمە بەرنامە دابنێین و پرۆگرامی باشترکردنی ئەدای حکومەت دابنێین، جێبەجێکردنی لای ئێوەیەو ئیوە بەرجەستەی دەکەن و لەسەر مامەڵەی ئێوە دەوەستێت کە چۆن جيبەجێی دەکەن.
د.سالح سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکەی راسپارد کە گرنگی بە ژیان و گوزەرانی خەڵک بدەن کە مایەی رەزامەندی هاووڵاتیان بێت، وتیشی: پێویستمان بەچاکسازی ئیداری هەیە تا خزمەتی زیاتری خەڵک بکەین.
د. بەرهەم باسی لەوەکرد کە بوودجە پەسەند کراوە و لەم قۆناغەدا هەوڵدەدەن سەرجەم رێنماییە داراییەکان یەکبخەین، وتیشی: بۆیە ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئێوە تا هاوکاری حکومەت بکەن کە ئەم رێنماییانە بەشێوەیەکی عەمەلی لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت جێبەجێبکرێت.
باسی لەوەکرد کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگی بنەبڕکردنی دوو ئیدارەییە، و یەک حکومەتی و دابەسشکردنی دەسەڵاتەکانی کردە هەنگاوێکی دیکە لەو کۆبوونەوەیەدا.
باسی لەیەکخستنی هێزی ئاسایش کردو وتی: لەهەفتەی رابردودا کۆبوونەوەیەکمان کردووە و چوارچێوەیەکمان داڕشتووە وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستەنەوەی ئاسایش.
ئەوەشی خستە ڕوو کە لەئەنجومەنی وەزیران دەسەڵات دەدەین بەوەزارەتەکان و ناشیانەوێت لەوەزارەتەکان ئەو دەسەڵاتە قەتیس بمێنێت، وتیشی: پێویستە ئەوانیش دەسەڵات بدەن بەیەکەکانی خوارەوە تا هاووڵاتیانی دهۆک و تەواوی ناوچەکانی دیکە پێویستیان بەوە نەبێت بۆ کارەکانیان بێنە دیوانی وەزارەت، بەڵکو پێویستە فەرمانگەکانی ناوچەکە دەسەڵاتی تەواویان هەبێت بۆ رایکردنی کارەکانی خەڵک و حکومەت بۆ ئەو مەبەستە کارنامەیەکی ئامادەکردووە کە لەهەفتەی داهاتوودا لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمدا گفتوگۆی لەسەر دەکەن تا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەمان ڕۆژ سەرۆکی حکومەت و وەفدی هاوڕێی سەردانی قەزای زاخۆ-یان کردو لەلایەن قایمقامی قەزاکەوە پێشوازی لێکران، پاشان لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری یەکە ئیدارییەکانی زاخۆ ئاماژەی بەزاخۆدا وەک ناوەندێکی بازرگانی گرنگ و وتی: ئەم قەزایە دەروازەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عیراقە لەگەڵ تورکیا و ئەوروپاو لەو سۆنگەیەوە حکومەت دەیەوێت گرنگی زۆر بەزاخۆ بدات و لەوچوارچێوەیەدا باسی دروستکردنی ناوچەی بازرگانی ئازادی کرد لەخاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل کە دەبێتەهۆی بوژاندنەوەی بازرگانی ئابوری نێوان هەرێم و تورکیاو کارئاسانی بۆ وەبەرهێنی هەردوولا.
دواتر ئامادەبوان سەرنج و تێبینی و داواکانیان خستەڕوو ، لەبەرامبەردا سەرۆکی حکومەت داواکانیانی بەهەند وەرگرت و بەڵێنی جێبەجێکردنیدا.
پاشان د.بەرهەم بەردی بناغەی دووەم خوێندنگای هاوچەخی لەیرۆژەی هەڵمەتی نیشتمانی خوێندنی هاوچەرخ دانا کە لەهەرێمی کوردستاندا 100خوێندنگای لەو جۆرە دروستدەکرێت بەبرێ 150ملیار دینار.
پاشانیش سەردانی خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیلی کردو لەگەڵ کونسوڵی تورکیا کردنەوەی ناوچەی بازرگانی ئازادیان تاوتوێکرد.
|