|
ئەمڕۆ ١١/٥/٢٠١٠سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەتەلاری ئەنجومەنی وەزیران لەشاری هەولێر پێشوازیکرد لەڤێتسلاڤ گریپل بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی دەرەوەی چیک و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لەبەغدا.
ڤێتسلاڤ گریپل لەسەرەتای دیدارەکەدا رایگەیاند کەئەوان هەرێمی کوردستان وەکو دەروازەی هەموو ناوچەکانی تری عیراق سەیر دەکەن ، ئاماژەی بەوەشدا کەسەقامگیری ئەمنی و ئارامی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکی راکێشانی کۆمپانیاو سەرمایەی دەرەکییە، لەو چوارچێوەیەدا ئامادەیی وڵاتەکەی خستەڕوو بۆ پەرەپێدانی چالاکی بازرگانی و دامەزراندنی پڕۆژەی پیشەسازی گەورە لەکوردستاندا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن خۆیەوە ئاماژەی بەرۆڵی وڵاتی چیک کرد کەلەسەرەتای رزگارکردنی عیراق ئامادەییان هەبووەو هاوکاری خەڵکی عیراقیان کردووە، رونیشیکردەوە کەهەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە سود لەئەزموونی سیاسیی و ئابووری چیک وەربگرێت، چونکە بەهەمان شێوەی ئێمە لەدوای سیستمێکی شمولیەوە ئەزموونێکی دیموکراسیان بونیات ناو توانیان لەماوەیەکی کەمدا وڵاتەکیان لەزۆربەی بوارەکاندا پەرەپێبدەن.
هەر لەمیانەی ئەو دیدارەدا د. بەرهەم ساڵح ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو کارئاسانیەک نیشاندا بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی سیاسیی و بازرگانی و هەماهەنگی کردن لەبواری خوێندنی باڵادا، لەو میانەیەدا ئاماژەی بەپرۆژەی تواناسازی کوردستان کرد بۆ ناردنە دەرەوەی دەروچانی زانکۆ بۆ زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان.
لەکۆتایی دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوی کرد کەباڵیۆزخانەی چیک لەعیراق رۆڵی خۆی ببینێت لەگواستنەوەی وێنەی راستەقینەی هەرێم و هاندانی کۆمپانیاوە وەبەرهێنەکان بۆ ئەوەی روو لەهەرێم بکەن. |