|
ئەمڕۆ12/5/2010 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەئامادەبوونی ئازاد بەرواری جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوەو سەبارەت بەپڕۆژەی دابەشکردنی دەسەڵات بۆ ناوچەکان و فەرمانگە حکومیەکان گفتوگۆ کرا.
سەرەتای کۆبوونەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو چەند رووداوەی لە رۆژانی رابردوو، کەرفاندن و تیرۆرکردنی لێکەوتەوە رایگەیاند: لایەنە ئەمنیە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لەبەدواداچوون و سۆراخی ورد بۆ دەستنیشانکردنی تاوانباران، هەروا وتی: دەزگا ئەمنیەکان توانیان شوێنی بەشێک لە باندە تیرۆرستیانە ئاشکرا بکەن و دەسگیریشیان بکەن کەئەمە مایەی دەستخۆشیە، هاووڵاتیانیشی ئاگادار کردەوە کەلەهەولێ بەردەوام دا دەبن بۆ دۆزینەوەی تەواوی سەرەداوەکان، هەروا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دوپاتیشیکردەوە کەمەبەستی سەرەکی تیرۆرستان هەڕەشەکردنە لەئاسایشی هەرێم و تێکدانی ئەو کەشوهەوا ئارامەیە کەبەرقەرارە، دەشیانەوێت لەرێگای کوشتن و تۆقاندنی خەڵک زیان بەناوبانگی هەرێمی کوردستان بگەیەنن و وانیشانی دنیا بدەن کەئەمنیەت لەهەرێمدا بەرقەرار نییە.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەتاوتوێکردنی پڕۆژەی دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر وەزارەت و پارێزگاو یەکە ئیدارەیەکان لەپارێزگاو قەزاو ناحیەکاندا، بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیە دەسەڵاتی پێویست بەسەرجەم وەزارەت و پارێزگاو یەکەئیداریەکان دەدرێت لەبواری کارگێری و دارایی بۆ ئەوەی دامودەزگا حکومەیەکان باشتر بتوانن خزمەتی خەڵک بکەن و رێوشوێنە بیروکارتیەکان کەمتر بکرێنەوە، ئەمەش بەڕێگای پەیڕەو کردنی سیتمێکی ئیداری نامەرکەزی .
سەبارەت بەهەموارکردنی هەندێ برگەو دەستەواژە لەیاساکانی تایبەت بەپێشمەرگە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کەلیژنەیەکی تایبەت پێًداوچوونەوەی کۆتایی بەو برگەو دەستەواژانە بکات بۆ ئەوەی پێشکەش بەپەرلەمانی کوردستان بکرێت، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەچۆنیەتی دامەزراندن لەدامودەزگاکانی حکومەت کرا کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و بەگوێرەی پێداویستی فەرمانگەکانی حکومەت و توانا و لێهاتوویی و دوور لەتەزکیەو دەستێوەردان بەڕێوە بچێت، لەم رەوەوە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردا بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو رێنمای و پێوەری دیاریکراو ئامادە بکرێن بۆ پەسەندکردنی.
|